تەرمی ژنێکی گەنج بە سەربڕدراوی لە بەغدا دۆزرایەوە
سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاشكرایكرد، لە ناوچەی "سەبع قسور" تەرمی ژنێکی گەنج شوێن شەقۆی بە هەردوو قاچییەوە هەیە.
ناوەندی هەواڵ
بیری توندوتیژی و کوشتن لای عەقڵیەتی پیاوسالار هەموو ڕۆژ بەردەوامی هەیە، لە ڕۆژی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، کە هەموو جیهان ئاهەنگیان بۆ هاتنی ساڵی نوێ گێڕا و هیوای ژیانێکی خۆشیان بۆ یەکتر خواست، لە بەغدای پایتەختی عێراق ژیان لە ژنێک سەندرایەوە.
سەرچاوەكانی هەواڵی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویان كردووەتەوە، لە شەقامی "سەدە"ی ناوچەی "سەبع قسور"ی شاری بەغدا تەرمی ژنێکی گەنج بە سەربڕوراوی دۆزراوەتەوە.
بە وتەی هەمان سەرچاوە، شوێنی چەند چەقۆیەكیش بە قاچی ژنە گەنجەکەوە بووە و تا ئێستاش تەرمەکە نەناسراوە و لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوەی ناسنامەكەی دەستیان پێكردووە.
توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان لە عێراق بەهۆی بیری توندوڕەو و ئەقڵیەتی پیاوسالاری تا دێت زیاد دەکات، چالاکوانانی عێراق باس لەوەدەکەن کە توندوتیژی لەناو خێزان و کۆمەڵگە هۆکارەکەی نەبوونی پەروەردە و هۆشیاری، سەروەرنەبوونی یاسا و بڵاوبوونەوەی چەکی بێ مۆڵەتە لەلایەن حزب و گروپەکانەوە.