لە باشووری کوردستان هەڵمەتی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕاگەیاندرا

بە بەیاننامەیەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان پلانی چالاکییەکانی ٢٥ی نۆڤەمبەریان ڕاگەیاند و جەختیان کردەوە پێویستە لە هەموو کاتێکدا ژنان بپارێزرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، بە نزیکبوونەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەر بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و پلانی کار و چالاکییەکانیان بۆ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاند.

 

ڕژاک لە بەیاننامەکەدا باس لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان دەکات کە هێزە پاوانخوازە جیهانییەکان و دەوڵەتە نەتەوەییە ناوچەییەکان لە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە کوردستان هێرشەکانیان زیاتر کردووە. "لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم عەقڵیەتە هیچ کەسێک و هیچ شوێنێک لە سەلامەتیدا نییە. دەبینین لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ڕووی لە زیادبوون کردووە، کوشتنی ژنان لە سەرناوی شەرەف، هاوسەرگیریی لە تەمەنی منداڵیدا، ڕەتکردنەوەی ژنان لە هەموو گۆڕەپانە گشتییەکان، زیادبوونی زیندانیانی سیاسی و کۆچبەربوون، نموونەی توندوتیژی دەسەڵاتە دژ بە کۆمەڵگە و بە تایبەتی ژنانە".

 

دەربارەی باشووری کوردستان ڕژاک دەیخاتەڕوو کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شاهیدی هەموو جۆرە کردەوەیەکی توندوتیژی دەبین، ماوەیەک لەمەوبەر ژنە پێشەنگ و ئەکادیمیستێکی کورد بە ناوی نەگیهان ئاکارسەل تیرۆر کرا، چونکە دەسەڵات باش دەزانێت کە ژنانی هۆشیار کۆسپی سەرەکین لە بەرامبەر بە سیاسەتی پیاوسالاراندا، هاروەها هاتووە، "بینیمان لە دوو مانگی ڕابردوودا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژن، ژیان، ئازادی چۆن دەنگی دایەوە. ئێمەش وەک ڕژاک پشتیوانی لەم شۆڕشە بە پێویست دەزانین".

 

ڕژاک ٢٥ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ بە گرنگ دەزانێت بۆ ژنانی باشووری کوردستان تا هاواری ئازادی بەرز بکەنەوە و ڕێکخراوەکەیان زنجیرەیەک چالاکی بە شێوازی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و داوا لە هەموو ژنانی ئازادیخواز و ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەن بە بەشداربوونیان هاوکار بن.

 

بەرنامەکانی ڕژاک لەم ماوەیەدا بەم شێوەیە دەبێت؛

١. پێشانگای شێوەکاری و هونەری بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

٢. زنجیرەیەک سیمیناری جۆراوجۆر لەسەر توندوتیژی دژی ژنان و چارەسەرییەکان و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە لە ناوەندە جیاوازەکاندا.

٣. ڕێپێوانێک لە ٢٥ی ئەم مانگە بە ئامادەبوون و بانگهێشتی سەرجەم ژنان و کەسایەتییە ئازادیخوازەکان.

٤. لە ماوەی هەڵمەتی ٢٥ی نۆڤەمبەردا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبرێت.