زانکۆی زاخۆ نەخشەی کوردستانی گەورەی لابرد؛ دەوڵەتی تورکیا فشاری کردووە

زانکۆی زاخۆ نەخشەیەکی کوردستانی گەورەی لە دەروازەی فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتییەکان دانا و پاش ٢٢ ڕۆژ نەخشەکە بچوککرایەوە بۆ تەنها هەرێمی کوردستان، سەرچاوەیەکیش دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا فشاری کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی زاخۆ لە ٢٠ی ئابی ئەمساڵ نەخشەی کوردستانی گەورەی بە دەروازەی فاکەڵتییەکەدا هەڵواسیوە، بەڵام دوای تەنها ٢٢ ڕۆژ، دوێنێ نەخشەکە بەبڕیاری سەرۆکایەتی زانکۆی زاخۆ لابراوە و نەخشەی باشووری کوردستان تەنها ماوەتەوە.

 

بەپێی سەرچاوەیەک کە بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز قسەی کردووە و ناوی ئاشکرا نەکراوە، دەڵێت: "کاتژمێر ٠٢:٠٠ بۆ ٠٣:٠٠ی بەرەبەیانی نەخشەکە لابراوە و لەجێی ئەویش تەنها نەخشەی باشووری کوردستان بە هەمان دیزان دانراوە".

 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا ئایدن مەعروف، وەزیری حکومەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان کە خۆی تورکمانە و نزیکایەتی لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەیە، سەردانی بەشی زمانی تورکی زانکۆی زاخۆی کردووە و نەخشەکەی بینیوە.

 

سەرچاوەکە دەڵێت: دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ئایدن مەعروفەوە فشاریان لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم کردووە بۆ ئەوەی نەخشەی کوردستانی گەورە لە زانکۆی زاخۆ لاببەن، دواتریش پەیوەندی بە سەرۆکی زانکۆی زاخۆوە کراوە و پێی وتراوە، کە دەبێت نەخشەکە لاببەن.

 

تاوەکو ئێستاش سەرۆکایەتی زانکۆی زاخۆ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی هۆکاری لابردنی نەخشەی کوردستانی گەورە بڵاونەکردووەتەوە.

 

سەرچاوە: ڕۆژنیوز