دامەزراندن لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجەدا ناڕەزایی لێکەوتەوە

پاش دەرچوونی ناوی دامەزراوانی کەرتی تەندروستی لە هەڵەبجە ناڕەزایی لەلایەن دەرچووانی کەرتی تەندروستی و خۆبەخشان و ڕێکخراوەکانەوە سەریهەڵدا و لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە گردبوونەوە.

هەڵەبجە

 

پاش دەرچوونی ناوی دامەزراوانی کەرتی تەندروستی لە هەڵەبجە ناڕەزایی لەلایەن دەرچووانی کەرتی تەندروستی و خۆبەخشان و ڕێکخراوەکانەوە سەریهەڵدا و لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە گردبوونەوە و لەلایەن ئاسایش و چالاکی مەدەنییەوە ڕێگری لە خۆپیشاندەران کرا.

 

لە ماوەی ڕابردوودا کەرتی تەندروستی هەڵەبجە لە ڕێگەی گۆگڵ فۆرمێکەوە لە سۆشیال میدیا داوای دامەزاندنی ٣٠ کەسیان بە گرێبەست بۆ نەخۆشخانەی بیارە کرد، دواتر ناوی ١٣٠ کەس هاتەوە و دەرچووانی کەرتی تەندروستی و خۆبەخشان ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئاماژەیان بەوەدا هاتنەوەی ناوەکان بەپێی خاڵبەندی و پسپۆڕی نییە و بە واستەیە.

 

بەیان عەلی حەبیب، پەرستارێکی ناڕازییە و ماوەی دوو ساڵە خۆبەخشە، وەک خۆی باسی دەکات هیچ هاوڕێیەکی نەماوە دانەمەزرابێت، بۆ نوژنها وتی: زۆر سەیرە دامەزراندن کراوەتەوە و خاڵبەندی نەکراوە، گەندەڵی زۆری پێوە دیارە، چونکە تاوەکو ئێستا دامەزراندن نەیگرتووەتەوە.

 

بەیان باسیشی لەوەکرد کە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستیەکان کەمتەرخەمن لە دەوام کردن و هۆکاری چارەسەری نەخۆشییەکان نین.

 

کاڵێ مەحمود، خۆپیشاندەرێکی ترە و باس لەوەدەکات بە بێ خاڵبەندی ناوەکان دەرچوون، هیچی بە پێوەر دانەنراوە چونکە دەرچووی وا هەیە لە دەرەوەی کوردستان خوێندنی تەواو کردووە یان دەرچووی پەیمانگا ئەهلیەکانن و ناویان هاتووەتەوە.

 

سەنا جەلال، دەرچوویەکی تری کەرتی تەندروستییە و باسی لەوەکرد ناشەفافی لە هاتنەوەی ناوەکان نیگەرانی دروستکردووە، "ماوەی حەوت ساڵە خۆبەخشم و ئەو ماوەیان بۆ حساب نەکردووینم هۆکارەکان زۆرن و هەم وەزارەت و هەم بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە هۆکاری ئەم گەندەڵیەن"، خوێندکاران و خۆبەخشان خوازیارین بە زووترین کات ناوەکانیان بێتەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.

 

نەخۆشخانەی بیارە ماوەی ١٠ ساڵە دروستبووە و بێ کارمەندە، لە هەوڵێکدا توانرا ٣٠ کارمەندی بە شێوەی گرێبەست بۆ دابمەزرێنن، بەڵام لە کاتی هەڵبژاردنی ناوی دامەزراوان ١٣٠ ناو گەڕاوەتەوە و بەپێی وتەی خۆپیشاندەران نادادپەروەری بوونی هەیە.

 

ناڕەزایەتی خوێندکاران و خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی هەڵەبجە بەبێ ئەنجام کۆتایی هات، چونکە هیچکام لە بەرپرسانی کەرتی تەندروستی ئامادەی وەڵامدانەوەی داواکارییەکانیان نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئاسایش و چالاکی مەدەنی کۆتایی بە گردبوونەوەکە هێنا.