هەسارەی زەوی: ٨ ملیار مرۆڤ و کەمبوونەوەی سەرچاوەکان گرفت دروست دەکات

پسپۆڕان دەڵێن ٨ ملیار مرۆڤ لەسەر زەوی دەژین، کێشەکە لە زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکاندایە، ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەگەرهەموومان وەک دانیشتوویەکی ئەمریکا سەرچاوەکانمان بەکاربهێنایە، ساڵانە پێویستمان بە پێنج زەوی دەبوو

ناوەندی هەواڵ

 

 بە نزیکەیی هەشت ملیار مرۆڤ لەسەر زەوی دەژین، زۆربەی پسپۆڕان دەڵێن کێشە گەورەکە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکانە لەلایەن دەوڵەمەندترین دانیشتووانەکانی سەر زەوییەوە، لەبری ترس لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، پێویستە سەرنجمان لەسەر زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی هەسارەکە بێت لەلایەن دەوڵەمەندترینەکانەوە.

 

 دوو لایەنی بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان هەیە لەلایەن مرۆڤەکانی سەر زەوییەوە، سنووری سروشتی و هەڵبژاردنی مرۆڤ، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانمان مرۆڤەکان سەرچاوەی بایۆلۆجی زۆر زیاتر بەکاردەهێنن، وەک دارستان و زەوی، لەوەی هەسارەکە دەتوانێت ساڵانە دووبارە دروستی بکاتەوە.

 

بۆ نموونە زۆر بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی دەبێتە هۆی زیاتر دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، کە بەرپرسە لە گەرمبوونی جیهان، بەپێی تۆڕی جیهانی و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی WWF پێویستمان بە توانای زیندەیی ١.٧٥ زەوی دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام پێداویستییەکانی دانیشتوانی ئێستا دابین بکەین.

 

دوایین ڕاپۆرتی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان دەکات وەک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی گازە گەرمخانەییەکان، بەڵام ڕۆڵێکی بچووکتر لە گەشەی ئابووری دەگێڕێت.

 

پسپۆڕان ئاماژەیان بەوەداوە کە کاریگەرییەکانمان لەسەر هەسارەکە زۆر زیاتر بەهۆی ڕەفتارەکانمانەوەیە نەک ژمارەکانمان، تەمبەڵی و زیانبەخشە بەردەوام بگەڕێینەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، چونکە ئەمە ڕێگە بە خەڵکی وڵاتانی دەوڵەمەند دەدات کە زۆرترین بەکارهێنان بکەن و سەرچاوە سروشتییەکان زیاتر لەوەی کە پێویستیانە بەکاردەهێنن، بۆیە مەترسییەکانی سەر هەسارەکە نابێت بخرێتە سەر وڵاتانی تازەپێگەیشتوو کە گەشەی ژمارەی دانیشتووانیان زۆرترینە.

 

ئەگەر هەموو کەسێک لەسەرهەسارەکە وەک هاوڵاتییەکی هیندستان بژیایە، بەپێی تۆڕی جیهانی و WWF تەنها پێویستمان بە توانای ٠.٨ زەوی دەبێت لە ساڵێکدا، ئەگەرهەموومان وەک دانیشتوویەکی ئەمریکا بەکارمان بهێنایە ، ساڵانە پێویستمان بە پێنج زەوی دەبوو بۆئەوەی پێداویستییەکانی مرۆڤ دابینبکات.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات کە هەسارەکەمان تا ساڵی ٢٠٥٠ دەبێتە شوێنی نیشتەجێبوونی ٩.٧ ملیار کەس، یەکێکی دیکە لە پرسە گرنگەکان کە باسی لێوەدەکرێت بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی توانای منداڵبوون تەنانەت ئەوانەی پێیان وایە پێویستە ژمارەی دانیشتوانی زەوی دابەزێنین، جەخت لەسەر پاراستنی مافەکانی ژنان دەکەنەوە چونکە پێیان وایە هەر کەسێک کە لەدایک بێت فشاری زیاتر دەخاتە سەر هەسارەکە.

 

لە بەرنامەی داڕشتنی پڕۆژەی ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا پەروەردە و پلاندانانی خێزان لە نێو ١٠٠ چارەسەری سەرەکیدا بۆ ڕاگرتنی گەرمبوونی جیهان خراوەتەڕوو، دانیشتووانێکی کەمتر کە ئاستی بەکارهێنانیان بەردەوام بێت، داواکاری لەسەر وزە، گواستنەوە، کەرەستە، خۆراک و سیستەمی سروشتی کەمدەکاتەوە.

 

پێویستە ئەو بیرۆکەیە ڕەتبکەینەوە کە نوخبەکان ئەم گێڕانەوەیە دەگرن و دەڵێن پێویستە گەشەی دانیشتووان لە باشووردا سنووردار بکرێت، ئەو پرسەی شایانی مشتومڕ لەسەر کردنە ژمارەی خەڵکی نییە بەڵکو دابەشکردن و یەکسانیە لە نێوان مرۆڤەکانی سەر زەوی.

 

 تەنانەت ئەگەر لە ئێستادا خۆراکی پێویست بۆ ٨ ملیار کەس بەرهەم بهێنین، هێشتا ٨٠٠ ملیۆن کەس هەن کە بە شێوەیەکی درێژخایەن کەمخۆراکییان هەیە، لە هەمان کاتدا چەمکی زۆر خۆری بەشێکی دیکەی مرۆڤەکان لەسەر زەوی دەگرێتەوە.