٪٥٩ی ئەو ناوچانەی عێراق مینی چێندراوی تێدایە پاککراونەتەوە

عێراق نیوەی ئەو ناوچانەی بە مین پیسبوون پاککردووەتەوە، بڕیار وایە تا ساڵی ٢٠٢٨ بەتەواوی لە مین پاکبکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ دووشەممە، نزار ئامیدی، وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، ٪٥٩ ئەو ناوچانەی بە مین پیس بوون، پاککراونەتەوە.

 

وەزیری ژینگەی عێراق دووپاتی کردەوە، گرنگی دەدرێت بە پرسەکانی پەیوەست بە ژینگەوە، لە بودجەی فیدراڵیدا پارەی پێویست تەرخانکراوە بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی کە بە مین چێنراون لە عێراق و ژیانی هاووڵاتیان دەخەنە مەترسییەوە.

 

وتیشی: "عێراق ٪٥٩ی ئەو ناوچانەی بە مین پیسبوون پاککردوەتەوە و ٪٤١ی دیکەش زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، وەزارەتەکە ئامانجەکانی عێراق لەگەڵ هاوبەشە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانیدا جێبەجێ دەکات.

 

نزار ئامیدی لە مانگی ئاداری ڕابردوودا جەختی لە جددیەتی وەزارەت و بەتایبەتی بەرێوەبەرایەتی کردەوەی مین کردەوە کە تا ساڵی ٢٠٢٨ عێراق لە مین پاکبکاتەوە، ئەمەش بەپێی پابەندبوونەکانی عێراق بەرامبەر بە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی مین کە بەشێوەیەکی نافەرمی بە پەیماننامەی ئۆتاوا ناسراوە.

 

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢، دوو ئەندامی عێراقی لە تیمێک کە کاریان بۆ دەزگای چالاکی مین-UNMASی نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو، بەهۆی ڕووداوێکەوە لە شوێنی پاککردنەوەی تەقەمەنی لە شەتولعەرەب لە نزیک شاری بەسرە کوژران و سێیەمیش بریندار بوو.

 

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی دەزگای چالاکی مین کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا بڵاویکردەوە، عێراق بەهۆی شەڕ و ململانێی دەیان ساڵەوە بەدەست جۆرەها پیسبوون دەناڵێنێت و ئەو جۆرە پیسبوونانەش ئێستا مەترسی لەسەر ژیان و سەلامەتی عێراقییەکان دروستدەکەن.

 

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، عێراق پیسترین وڵاتی جیهانە بە مینی چێندراو، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مینانەی کە تیرۆریستانی داعش بۆ بەرگریکردن لەو خاکەی کە سەردەمانێک بەسەر عێراق و سوریادا کۆنتڕۆڵی کردبوو، دانراون.

 

عێراق پێشتر لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکەی ساڵی ٢٠٠٣ی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و شەڕی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ و شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨ بە شێوەیەکی زۆر بە مین و تەقەمەنی پیس بووە.