بیرەکانی عێراق بەرەو وشکبوون دەچن

عێراق وڵاتێکی ٤٢ ملیۆن کەسییە ئێستا لە دۆخێکی ململانێدایە بۆ دەستکەوتنی ئاوی پاک، بەهۆی بەنداوەکانی وڵاتی تورکیا ئاوی دیجلە و فورات کەمیکردووە، پێشتر بۆ گەیشتن بە ئاوێکی پاک ٥٠ مەتر زەوی هەڵدەکەندرا بەڵام ئێستا زیاتر لە ١٠٠ مەتر زەوی هەڵدەکەندرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

عێراق وڵاتێکی ٤٢ ملیۆن کەسییە لە ئێستادا لە دۆخێکی ململانێدایە بۆ دەستکەوتنی ئاوی پاک، هەروەها عێراق لەمێژە بیابانەکانی بۆ نەوت هەڵکەندووە، بەڵام ئێستا فشاری کەشوهەوا و وشکەساڵی و کەمبوونەوەی لێشاوی ڕووبارەکان ناچاری دەکات بیرەکان لە قوڵایی زیاتردا هەڵبکەنێت بۆ دۆزینەوەی ئاوی پاک و شیاو بۆ خواردنەوە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو وڵاتەی کە پەڵەی جەنگی لەسەرە و هەناردەکاری سەرەکی نەوتی خاوە بۆ وڵاتانی جیهان، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی جیهان کە زۆرترین کاریگەرییە سەرەکییەکانی قەیرانی کەشوهەوای لەسەرە.

بەهۆی فشارەکانی کەمی ئاو، دروستکردنی بەنداوەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن وڵاتی تورکیا، ڕۆیشتنی ئاوی دیجلە و فوراتیان زۆر کەمکردووەتەوە، ئەو ڕووبارە بەهێزانەی کە ڕۆژێکیان بەهێز بوون و شارستانیەتی میزۆپۆتامیا لەوێوە سەریه هەڵداوە.

 

لە وڵاتێکدا کە لە هەر پێنج کەسێک یەکێکیان لە بواری کشتوکاڵدا کاردەکات، کەمی ئاو بووەتە هۆی تێکدانی بژێوی ژیان و کۆچکردنی گوندنشینەکانیی بۆ شارە قەرەباڵغەکان، ئەمەش گرژییە کۆمەڵایەتییەکانی زیاتر کردووە.

 

لە ئێستادا ملیۆنان جووتیاری عێراق قورسایی ئەم قەیرانە ئیکۆلۆژییە هەڵدەگرن، لە کاتێکدا ئێستا عێراق بەرگەی خراپترین وشکەساڵی دەگرێت لە دوای ساڵی ١٩٣٠ و زریانی خۆڵ زۆرجار ئاسمان پڕدەکاتەوە، جوتیاران بە هیوان کە لە زەوییەکانیان بتوانن لانیکەم زەنجەفیل و پیاز و ترێی لێ بچێنێنن.

 

سەدان بیر لەم دواییە لە عێراق هەڵکەندراون لە قووڵایی زیاتردا بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە خوارەوە بەردەوام لە دابەزیندایە، زۆرجاریش کە بیرەکان هەڵدەکەندرێن یان دەگات بە ئاوێکی تاڵ یان ئاوێک کە خوێی تێدایە بۆیە لە ئیستادا بە هەڵکەندنی بیرەکانیش لە عێراق دەستگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە کەمیکردووە، پێشتر بۆ گەیشتن بە ئاوێکی پاک ٥٠ مەتر زەوی هەڵدەکەندرا بەڵام ئێستا دەبێت زیاتر لە ١٠٠ مەتر زەوی هەڵبکەندرێت.

 

دەریاچەی ساوا لە باشوور کە شوێنێکی سەردانیکردنە، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژووی تۆمارکراودا لەناوچوو، چونکە نزیکەی هەزار بیری نایاسایی ئاوی لەسەر هەڵکەندرابوو.

 

توڕەیی لە حکومەتێک هەیە کە بە ناکارامە و گەندەڵ سەیر دەکرێت و ناڕەزایەتیی پچڕپچڕ لە باشوور سەریهەڵدا و داوای فشاری بەغدا لە تورکیا دەکەن بۆ ئەوەی ئاوی زیاتر لە بەنداوەکانی بکاتەوە چونکە بەنداوەکانی وڵاتی تورکیا بە هۆکارێکی سەرەکی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان لە عێراق دادەنرێت.

 

هەروەها پسپۆڕان وەک ڕێگا چارەسەری باسیان لەوەکردووە کە دەبێت جووتیاران شێوازی ئاودێری مۆدێرن بەکاربهێنن نەک بەفیڕۆدانی ئاو لەو کێڵگانەی کە لە کۆنەوە کشتوکاڵیان لەسەرکردووە.