٢٠٢٣؛ بەهۆی هێرشی تورکیاوە ٢٤ کەس لە هەرێم گیانیان لەدەستدا و برینداربوون

بەپێی ڕێکخراوی "سی پی تی" ئەمرییکی، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٤ هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا گیان لەدەستداوە یان بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان، بۆردوومان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بەردەوامی هەیە و جگەلەوەش بەهۆی بوونی دەوڵەتی توریا لەناو خاکی هەرێمدا لەو ناوچانەی داگیری کردوون مینی چاندووە و بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە هاوڵاتیان، ڕێکخراوی "سی پی تی" ئەمریکی ئاماری زیانە گیانییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ی بڵاوکردەوە.

 

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی "سی پی تی" ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ٢٤ هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ٧ هاوڵاتییان بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ هاوڵاتیش بەهۆی فڕۆکەی جەنگی و هاوڵاتییەکیش بەهۆی تەقینەوەی مین، گیانیان لەدەستداوە.

 

لەبارەی بریندارەکانیشەوە ڕایگەیاندووە، ١٢ هاوڵاتی بریندارن، کە ١٠ کەسیان بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا و سێ هاوڵاتیش بەهۆی تەقینەوەی مینی تورکیاوە بریندار بوون.

 

بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی سی پی تی، لە پارێزگای دهۆک ٥ گیان لەدەستدان و سێ بریندار، لە پارێزگای هەولێر یەک گیان لەدەستدان و ٨ بریندار، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی ٥ گیان لەدەستدان و دوو بریندار هەبوون.