تاژێ: دەبێت دەوڵەتی تورک لەسەر منداڵە ئیزدییەکە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت
تاژێ لەبارەی ئەو منداڵە ئێزدییەی کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە تورکیا ڕفێندرا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وتی: دەبێت ڕووداوەکەی ئەو منداڵە ئێزدییە ڕوون بکرێتەوە، پێویستە دەوڵەتی تورک بەرپرسیار بکرێت لە پشتیوانیکردنی داعشدا.
شەنگال
چەتەکانی داعش دوای شکستەکەیان هەزاران ژنی دەستگیرکراویان بەسەر وڵاتاندا دابەشکرد، ئەو دەوڵەتەی کە زۆرترین پشتیوانی لە چەتەکانی داعش دەکرد تورکیا بوو، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، چەتەیەکی داعش لە تورکیاوە بە ناوی سەباح عەلی ئۆروک، ویستی منداڵێکی کچی ئێزیدی بە ناوی ئایشا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بفرۆشێت، پۆلیسی دەوڵەتی تورک ئەو چەتەیەی دەستگیر کرد، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک ئازاد کرا و کچە ڕفێندراوە ئێزدییەکە ڕادەستی بنەماڵەی چەتەکە کرا.
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی-تاژێ لە بەیاننامەیەکدا داوای لە تەواوی کۆمەڵگەی ئێزیدی و گەلی کورد لە چوار بەشی کوردستان و ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە هەڵوێستێک لە دژی ئەم کردەوە دڕندانەیەی دەوڵەتی تورکیا بگرنەبەر و ئەم سیاسەتە کوشندەیەی دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان شەرمەزاربکەن، تاژێ ڕایگەیاند، پێویستە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت و ئەوانەی بەرپرسن دەبێت دادگایی بکرێن، ئەم ڕووداوە دەبێت ڕوون بکرێتەوە، پێویستە دەوڵەتی تورک بەرپرسیار بکرێت لە پشتیوانیکردنی داعش.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە:
وەک دەزانرێت، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، چەتەکانی داعش بەهۆی خیانەتی پەدەکەو دەوڵەتی عێراق بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر شەنگال، لە ئەنجامی هێرشەکەی داعش، دەیان هەزار کەس کۆچیان کرد، موڵکەکانیان تاڵان کرا، پیر و گەنج بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژ کران، بەڵام گەورەترین ئازاری کۆمەڵگەکەمان و ژنانی ئێزدیمان ئەوە بوو کە کچانی گەنج لەلایەن داعشەوە دەستدرێژیان کرایە سەر و دەفرۆشران، گریانی ژن و منداڵە کچەکانمان گەیشتە هەموو جیهان، چارەنووسی سەدان ژن و منداڵی ئێزیدی نەزاندراوە، بەم ئازارەوە دەناڵێنین.
"لە مێژوودا، عوسمانیەکان دوژمنی کۆمەڵگاکەمان بوون"
باش دەزانین کە داعش هێزێکی گەورەی نەبوو، بەڵام ئەو هێزانەی کە پشتیوانییان دەکرد یارمەتییان دا و بوونە هۆی ئەوەی داعش تاوانی گەورە لە دژی ژنان و گەل ئەنجام بدات، یەکەم، ئەو هێزەی کە پشتیوانی لە داعش دەکرد دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بوو، زۆر باش دەزانین کە لە مێژوودا تا ئەمڕۆش عوسمانیەکان هەمیشە دوژمنایەتی کۆمەڵگە، باوەڕ، کولتوور، زمان و ناسنامەی ئێمەیان کردووە، بەگوێرەی باوباپیرانمان، ٧٤ فەرمانمان لەسەر کراوە کە ٦٨یان فەرمانی دەوڵەتی عوسمانی بوون، مێژووی دەوڵەتی تورک لەبارەی کۆمەڵکوژی و داگیرکارییەوە نووسراوە، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە پشتیوانی لەو فەرمانانە کردووە کە خۆی جێبەجێی نەکردووە، نوێترین نموونەیان داعشە، ئەم بیرکردنەوە کوشندەیە لسەر ژنان و کچانمان وەک دەستکەوتی جەنگ بینیوویەتی، ڕق و کینەی عوسمانی بەرامبەر کۆمەڵگاکەمان کۆتایی نەهات و نەوەکانیان وەک باوباپیرانیان دوژمنایەتیمان دەکەن، لەو کاتەوەی داعش هات بۆ شەنگال تا ئەمڕۆ، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە یارمەتی داوە، باش دەزانین کە ئەمڕۆ تورکیا بووەتە شوێنی پاراستنی داعش، ئەمە چەندین جار بە بەڵگەنامە ئاشکرا کراوە، داعش هێزی خۆی لە دەوڵەتی تورک وەردەگرێت.
"ئەو ڕووداوەی ڕوویدا، جارێکی دیکە هاوکاریی تورکیا و داعش نیشان دەدات"
دوای شکستی داعش لە شەنگال، دەوڵەتی تورکیا ڕۆژانە پلانی جەنگی بۆ سەر شەنگال دروست دەکات، هەموو ڕۆژێک هێرش دەکاتە سەر پێشەنگ و فەرماندەکانی کۆمەڵگاکەمان، هەموو ڕۆژێک هەوڵ دەدات ئەم باوەڕە لەناو ببات، لەبەر ئەم هۆکارە، دوایین ڕووداو لە تورکیا سەبارەت بە منداڵە کچە ئێزیدییەکەمان نیشانەی دوژمنایەتی و هاوکاریی دەوڵەتی تورکیایە، ئەو داعشە لە بنەڕەتدا تورک بوو، هەوڵیدا کچێک بە ناوی ئایشا بفرۆشێت لە ڕێگەی ماڵپەڕێکی کۆمەڵایەتیەوە دوای ئەوەی دەوڵەت بۆی دەرکەوت، کچەکەی بۆ خێزانی داعش گەڕاندەوەو دواتر کەسەکە ئازادکرا.
"پێویستە ئەم ڕووداوە ڕوون بکرێتەوە"
لەو بڕوایەداین کە چەندین ڕووداوی دیکە بەو شێوەیە ڕوویانداوە، بەڵام بڵاو نەکراونەتەوە، ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە نیشانی دەدات کە ئاستی هاوکاری و پشتیوانی دەوڵەتی تورک بۆ داعش چەندە، هەروەها دوژمنایەتییەکەی بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێمە لە بەرزترین و مەترسیدارترین ئاستدایە، بۆیه داوا له تەواوی کۆمەڵگەی ئێزدی دەکەین لە گەلی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان، هەڵوێستێک لە دژی ئەم کردەوە دڕندانەی دەوڵەتی تورکیا بگرنەبەر و هەڵوێست لە بەرامبەر ئەم سیاسەتە کوشندە و دوژمنکارییەی سەر ژنان وەربگرن.
"دەبێت دەوڵەتی تورک بەرپرسیار بکرێت"
جارێکی دیکە داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە هەڵوێستێکی توند لە دژی ئەم سیستمەی دەوڵەتی تورک بگرنە بەر، پێویستە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکرێت و ئەوانەی بەرپرسن دادگایی بکرێن، پێویستە ئەم ڕووداوە ڕوون بکرێتەوە، دەوڵەتی تورک بەرپرسیار بکرێت لە پشتیوانیکردنی لە داعش.