ڕێژەی بێکاری لە عێراق دابەزیوە

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی بێكاریی لە عێراق بۆ خوار ١٤٪ دابەزیووە و ڕاپرسی لەسەر دۆخی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی خەڵک لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا دەستپێدەكات.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای هەوڵەكانی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاریی بەڵام تاوەكوو ئێستا عێراق ڕێژەیەكی بەرزی بێكاریی تێدایە، عەبدول زەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دواین ئامار و ڕێژەی بێکاریی لە عێراق ئاشکرا کرد، کە بۆ خوار ١٤٪ دابەزیووە، ئەمە لەكاتێكدایە ڕێژەی بێكارییی لە عێراقدا لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ١٦.٥٪ بووە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕێژەكە گەیشتووەتە ١٥.٥٥٪.

 

ڕوونیشی كردەوە، بەنیازن لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا ڕاپرسییەكی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی لە عێراق و هەرێمیش ئەنجام بدەن، ئەو ڕاپرسییە نیشانەی گرنگمان بۆ دەخاتەڕوو لەسەر هێڵی هەژاریی، ئەمە جگە لە خستنەڕووی ڕێژەی بێكاریی، كە لە سەرجەم پارێزگاكاندا دابەشبووە، هەروەها ئەم ڕاپرسییە لایەنی تەندرووستیی، پەروەردە، نیشتەجێبوون، داهات و خەرجییەكانی خێزانی عێراقی دەخاتەڕوو.