بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان

لە دژی فەرمان و دەسەڵات و کۆیلایەتی ژنان و کۆمەڵگە، ژنانی شەنگال بۆ ٩یەمین ساڵ ٨ی ئادار پیرۆز دەکەن، ژنانی ئێزدی لە بواری تێکۆشاندا پێشڕەوی دەکەن و بە چالاکی پێشوازی لەو جۆرە ڕۆژانە دەکەن.

هێڤیدار ئێزیدخان

 

شەنگال- بۆ مانا و گرنگی ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، سیمینارێک لەلایەن تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە کۆمەڵەی دۆهلە ڕێکخرا، لە سیمینارەکەدا کە ئەندامانی تاژێ و ئەنجومەنی گوندەکان و گەنجان بەشداربوون، لەلایەن ڕیهام حجۆ، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی بەڕێوەبرا.

 

لە سیمینارەکەدا سەرەڕای تێکۆشانی مێژووی ژنانی جیهان کە ئەمڕۆ بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بووەتە فەلسەفەیەک و بەرەو شۆڕشی ژنان دەڕوات، بە فراوانی باس لە دۆخی سەختی ژنانی ئێزدی کرا.

 

"بۆ ئیمە هەموو ڕۆژێک ٨ی ئادارە"

دایە پاکیزە، وتەبێژی دەزگای بنەماڵەی شەهیدان، بە ناوی تاژی وتی: بۆ ئێمە، هەموو ڕۆژەکان مانای ٨ی ئاداری هەیە، ئێمە زۆر بەبەختین کە بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆمان ناسیوە، ئازاری ئێمەی ژنان وەک یەکە، بۆیە داوا لە ژنان دەکەین نابێت تەنها لەناو ماڵدا بن، بەڵکو دەبێت ژنان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا بۆ ئازادی خۆیان تێبکۆشن.

 

"بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی تێبکۆشن"

مەیسون نایف خۆشحاڵی خۆی بەو ڕستەیە دەربڕی و وتی: ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین و سەردانی مەزارگەی شەهیدانمان کرد و گوڵمان لەسەر مەزاری هەموو شەهیدان دانا، ٨ی ئادار لە هەموو شەهیدانی ئێزدی و کوردستان، ڕێبەر ئاپۆ و هەموو ژنانی جیهان و ئێزدی پیرۆز دەکەین، داوا لە ژنان دەکەین چیتر زوڵم قبوڵ نەکەن و خەبات بۆ ئازادی خۆیان بکەن، بە سایەی ڕێبەر ئاپۆ فێربووین کە بە پێی مانا و زانینی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی تێبکۆشین.