ئاماری نوێ، لە باکووری کوردستان و تورکیا زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە
گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، لە ١٠ شاری باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس.
ناوەندی هەواڵ
بەگوێرەی دوایین ئاماری ئافاد کە ئەمڕۆ لە ١١یەمین ڕۆژی بوومەلەرزەکە بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە مەڕەش و دیلۆک، لە ١٠ پارێزگادا ٣٦ هەزار و ١٨٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠٨ هەزارو ٦٨ کەسیش بریندارن.
ئاماژە بەوەشکراوە، تائێستا ٢١٦ هەزار و ٣٤٧ زیانلێکەوتوو گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە، هەروەها لە دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، کە پارێزگای مەڕەش چەقەکەی بوو، تائێستا چوار هەزار و ٣٢٣ بوومەلەرزەی دیکە لە ناوچەکەدا تۆمار کراون.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ١١ ڕۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، گەڕان بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا لەلایەن خەلکانی خۆبەخش و کەسوکاری قوربانیان بەردەوامی هەیە و دەوڵەت تا ئیستا نەگەیشتووەتە هەندێک ناوچە، ئەوەش هیوای مانەوەی ئەو کەسانەی لە ژیر باڵەخانەکاندان کەم دەکاتەوە.