٢٣١ هاوڵاتى ئێزدى گەڕانەوە شەنگال

گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شەنگال بەردەوامە و ٢٣١ ئاوارە لە كامپی بێرسیڤی یەك لە ئیدارەی زاخۆ گەڕانەوە زێدى خۆیان.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی دابینکردن و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە شەنگال گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ئەو شارە بەردەوامە و ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی ٣١ی کانوونی دووەم، ٢٣١ ئاوارە، كە دەكەنە ٣٩ خێزان لەسەر خواستی خۆیان لە كامپی بێرسیڤی یەك لە ئیدارەی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهوك گەڕانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی پێشترى خۆیان لە شەنگال.

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، گەڕانەوەی ئاوارەكان دوای گرتنەبەری هەموو ڕێكارێكی لۆجستی و ئەمنیەکانى وەزارەتەکەیان دێت و بە هاوكاری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچبەران گەڕاونەتەوە.

 

جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی پێشووتردا پەدەكە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكانی شەنگال دەكرد لە كامپەكانی سنوری هەولێر و دهۆك، کە بگەڕێنەوە زێدى خۆیان ئەوەش نیگەرانى لەلای ئاوارەکان دروست کردبوو.