بەیاننامەی ژنانی کوردستان لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی ژینا ئەمینی

لە پرسەی ژینا ئەمینی بەیاننامەی ژنانی کوردستان خوێندرایەوە، لەم مەراسیمەدا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەنگی دایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٧ ئەیلول، مەراسیمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە سەقز بەڕێوەچوو، خه‌ڵكی شاری سه‌قز له‌گه‌ڵ ئیدانه‌كردنی تاوانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، به‌ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پاڵپشتی ژنانیان كرد، کۆمەڵەی ژنانی کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و پرسە و سەرەخۆشی خۆیان بۆ مەرگی شلێر ڕەسوڵی و ژینا ئەمینی خستەڕوو.

 

ژنانی کوردستان، بە ئاماژەدان بە مردنی "شلێر و ژینا"، ئەم تاوانانەیان بە دەرئەنجامی بیرکردنەوەی پیاوسالاری و نەریتی ناوبرد کە دەبێتە هۆی زیادکردنی تاوانەکانی کوشتن لە ژێر ناوی شەرەف، هەروەها باسیان لە بارودۆخی زیندانەکانی ئێران و دەستبەسەرکردنی ژینا ئەمینی دەکات، ئاماژە بە پەخشکردنی وێنەی زیندان و زیندانی بیانی و بریندارکردنی خەڵک دەکات.

 

لەم بەیاننامەیەدا وێڕای ئاماژەدان بە گەشتی ژینا ئەمینی لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ تاران و دەستبەسەر کردنی لەلایەن هێزی دەوریەی ئیرشاد-پۆلیسی ئەخلاقی و کەوتنە کۆما و گیان لەدەستدانی بە بیانووی باڵاپۆشی-حیجاب، حکومەتی پیاوسالاری وەک هۆکاری سەرەکی ئەم تاوانە ناوزەد کرد، کە پێشێلی ئەخلاقی مافەکانی مرۆڤ دەکات و خۆی لە هیچ کارێکی نەشیاو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەدوور ناگرێت.

 

هه‌روه‌ها بە ئاڕاستەی ڕژێمی ئێران ده‌ڵێت: "ئایا ئه‌م كاره‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌نرخه‌ كه‌ خه‌ڵك لە خۆتان تووڕه‌ ده‌كه‌ن و به‌ خەیاڵی ئاسوودە ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای بنه‌ماڵه‌كانتان؟"، ئەوان چارەسەرەکانی دەوریەی ئیرشاد بە نموونەیەکی ڕوون لە پێشێلی مافەکانی ژنان و توندوتیژی دژ بە ژنان دەزانن، هەروەها بوونی دەوریەی ئیرشاد بە ئاستەنگ لە بەردەم دیالۆگ و بەشداری خەڵک ناودەبەن، هەبوونیشیان بە نیشانەی شکستی سیاسەتە هەڵەکانی حکومەت دادەنێن.