ئیجە، لە یەختێکی ژێرئاو کەوتوودا کە ٨٠ کەسی تێدابوو ٥١یان بێسەروشوێنە

یەختێکی کۆچبەران ٨٠ کۆچبەری تێدا بووە لە دەریای ئیجەدا ژێرئاو کەوت و ٥١ کەسیان بێسەروشوێنن کە ژمارەیەکیان کوردن.

ناوەندی هەواڵ

 

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە زاری نوێنەری دەزگاکەیان لە یۆنان ڕایگەیاندووە، یەختێکی کۆچبەران کە ٨٠ کۆچبەری تێدا بووە لە ئیجەدا ژێرئاو کەوتووە، تیایدا ٢٩ کەس ڕزگارکراون و ٥١ کەسیان بێسەروشوێنن و تەرمی هیچکام لە کۆچبەرەکان نەدۆزراونەتەوە.

 

لەناو ڕزگارکراوەکاندا کۆچبەری عێراقی، ئەفغانی و ئێرانی هەن، بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەک کوردیشی تێدایە، یەختەکە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ئەنتاڵیای تورکیاوە بەڕێکەوتووە بە مەبەستی گەشتنە وڵاتی ئیتاڵیا، نوێنەرایەتی دەزگای لوتکە ڕاشیگەیاندووە کە کونسوڵخانەی عێراقی لە وڵاتی یونان ئاگادار کراوەتەوە لەو ڕووداوە.

 

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە ڕایگەیاند نوێنەرایەتی دەزگای لوتکە لە ئێستادا سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری زیاترە لەبارەی ئەو کۆچبەرانەی لەناو یەختەکەدا بوون، هاوکار و هەماهەنگی کەسوکاری قوربانیانی ئەو ڕووداوەش دەبن.