پیرۆزبایی "ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی" هۆکاری دەستبەسەرکردنەکە بوو

ماوەی دەستبەسەرکردنی ٩ ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراو بۆ ٢٤ کاتژمێر درێژکرایەوە، کاری پیشەیی ئەوان بە تاوان هەژمار کرا و پیرۆزبایی "ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی" وەک هۆکارێک بۆ دەستبەسەرکردن هەژمار کرا.

ناوەندی هەواڵ 

 

لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکانی دوێنێی ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە ٩ ڕۆژنامەنووسی ئازادی باکووری کوردستان دەستبەسەر کران و تا ئێستا ئازاد نەکراون.

 

بەپێی زانیارییەکان ماوەی دەستبەسەرکردنی ٩ ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراو درێژ کراوەتەوە. بنەماڵەی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەستبەسەرکراوانە چوونەتە لای پۆلیس، بەڵام پێیان ڕاگەیەندراوە، ماوەی گرتنیان بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر درێژکراوەتەوە.

 

چالاکییە پیشەییەکانیان وەک تاوان هەژمار کراوە

لە فەرمانی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراودا، هاتووە، کە ئەو ڕۆژنامەنووسانە بەهۆی چالاکیی پیشەییانەوە ڕاگیراون و پیرۆزبایی "ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی" وەک هۆکارێک بۆ دەستبەسەرکردن هەژمار کراوە، دوابەدوای بەیاننامە ڕۆژنامەوانی و ڕێپێوان و چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکان بانگەشەی "پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکە"یان لەسەر دۆسییەکانیان ئاماژەی پێکراوە.