٤ی نیسان ڕێپێوانێک بە دروشمی "بۆ ئازادی بەرەو ئامارا" بەڕێوەدەچێت
ڕۆژی ٤ی نیسان، ڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، ڕێپێوانێک بە دروشمی "بۆ ئازادی بەرەو ئامارا" بەڕێوە دەچێت و بانگوازی کرا بۆ شکاندنی گۆشەگیری و چارەسەری دیموکراسی و ئاشتیانە، بەشداری ڕێپێوان ببن.
ئامەد
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕاگەیەندرا، ڕۆژی ٤ی نیسان، ڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ڕێپێوان بە دروشـمی "بۆ ئازادی بەرەو ئامارا" بۆ سەلامەتی و تەندروستی و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، بۆ شکاندنی گۆشەگیری و بۆ چارەسەری دیموکراسی و ئاشتیانە، ڕێکدەخرێت، بانگەوازی کرا، "پێکەوە بە خەباتێکی بەردەوام و کاریگەر گۆشەگیری دەشکێنین و ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان و هەموو کۆت و بەندەکانی ئازادی بەدیدێنین"
لە کۆنگرەکەیەدا هەریەک لە بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە)، ساڵحە ئایدەنیز، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئە)، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و فیدراسیۆن کۆمەڵەکانی پشتیوانی یاسایی خێزانە زیندانییەکان، دەزگاکانی مەد و نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، ئەندامانی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (OHD) و پەرلەمانتاری هەدەپە ڕەمزیە تۆسون بەشدارییان تێداکرد.
"سەدان داواکاری کۆبوونەوە ڕەتکرانەوە"
سەفیە ئاکداغ، هاوسەرۆکی مەد توهاد فەد، بەیاننامەی هاوبەشی بەشداربووانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، "ماوەی ٢٤ ساڵە ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی دوورگەی ئیمرالیە لەژێر گۆشەگیریی سەختدایە، سەرەڕای سەدان داواکاری بۆ کۆبوونەوە لەلایەن پارێزەرەکانی و بنەماڵەکەیەوە، بەڵام ئەم هەوڵانە بێ وەڵام مانەوە، جگە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٠ کە کۆبوونەوەکە بە تەلەفۆن ئەنجامدرا و دوای چەند خولەکێک پچڕا، هیچ زانیارییەک بەدەست نەگەیشت. تا ئێستا سی پی تی هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی بۆ ڕایگشتی بڵاونەکردووەتەوە. ئەم پراکتیزە و بێدەنگییە لە بەرامبەر کاردانەوەکانی ڕایگشتی دیموکراسی، دژی یاسای نەتەوەیی و نێودەوڵەتی و هەموو بەها مرۆییەکانە و بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت.
'عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەرترین ناوە لە چارەسەری کێشەی کورددا"
سەفیە ئاکداغ ئاماژەی بەوەدا کە عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەرترین ناوە لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد و وتی: قسەکانی بەڕێز ئۆجالان سەبارەت بە کێشەی کورد و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەباشی ناسراون. لە نەورۆزی ٢٠١٣دا بە خوێندنەوەی نامەکەی، ملیۆنان کەس ڕوویان لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز کرد و نیشانیاندا کە بە ئیرادەی خۆیان شوێنی ڕێبازەکەی دەکەون و لەگەڵ ئەو ڕێگایەدان کە بە خەڵکی بەخشیوە، دوای ئەوەی ئەردۆغان سەرۆکی ئاکەپە مێزی کۆدەنگی وێران کرد، تورکیا و کوردستان دەستیان بە زۆرترین پرۆسەی پێشەنگایەتی کرد کە بە دەگمەن لە مێژوودا بینراوە. سیاسەتەکانی گەندەڵی، کوشتن، ئەشکەنجە، گرتن و نادادپەروەری بەرامبەر بە گەلی کورد، تاک و دامودەزگا دیموکراسیەکان بە شێوەیەکی دڕندانە و بەردەوام بەڕێوەچوو و تا ئێستاش ئەو کردەوانە بەردەوامن.
"٤ی نیسان بوو بە هێمای ئاشتی لە دژی شەڕ"
سەفیە ئاکداغ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەو هەموو سەرکوتکردنانە، گەلی کورد و ئازادیخوازان لە ٨ی ئادار و نەورۆز هاواریان بۆ ئازادی ئۆجالان کرد و لە گۆڕەپانی نەورۆزدا گۆشەگیرییان شەرمەزار کرد و ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە داواکاری ڕادەستکردنەوە، لە هەر چوار لای کوردستان و جیهان، گەلی کورد و گەلانی دیکە ڕژانە گۆڕەپانەکان و داوای ئازادی بەڕێز ئۆجالان و هەموو زیندانییەکانی ئازادییان دەکرد و دووپاتیان کردەوە کە ناونیشانی چارەسەری دیموکراسی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە .
لە کۆتایدا بانگەوازی بەشداربوونی لە ڕێپێوانی ٤ی نیسان بەرەو ئامارا کرد و وتی: لەلای گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئازادیخوازانی جیهان، ڕۆژی لەدایکبوونی بەڕێز ئۆجالان یان ٤ی نیسان بۆتە ڕەمزی ئاشتی لە دژی شەڕ، هێمای ئازادی بەرامبەر بە کۆیلایەتی و هێمای یەکسانی لە دژی ستەم، ئەمساڵ بە دروشمی "بۆ ئازادی بەرەو ئامارا" لەسەر خواستی هەموو گەلان بانگهێشتتان دەکەین بۆ ڕێپێوانی ئامارا بۆ بەدیهێنانی سروشتیترین و نەتەوەییترین و کۆمەڵایەتیترین خواستی کوردان و گەلانی ئازادیخواز بۆ سەلامەتی و تەندروستی و ئازادی جەستەیی ئۆجالان، بۆ شکاندنی گۆشەگیری و بۆ چارەسەری دیموکراسی و ئاشتیانە. پێکەوە بە خەباتێکی بەردەوام و کاریگەر گۆشەگیری تێکدەشکێنین و ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان و ئازادی بەدیدێنین، بەرنامەی ئەمساڵ پێکدێت لە چاندنی نەمام لە نێوان ١-١٠ی نیسان و پلانی ئاهەنگگێڕان لە هەموو شارێک ئامادە کراوە و و ڕێپێوانێک بۆ ئامارا لە ٤ی نیساندا بەڕێوەدەچێت.