بۆ گەشتنی هاوکارییەکان یەکێتی ئەوروپا سزاکانی سەر سوریا ئاسان دەکات

لە ڕاگەیەندراوێکدا یەکێتی ئەوروپا خستیەڕوو، کە سزاکانی سەر وڵاتی سوریا ئاسان دەکات بەو مەبەستەی هاوکارییەکان بگاتە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ڕێکخراوە مرۆییەکان پێویست ناکات بۆ ماوەی شەش مانگ، مۆڵەتی پێشوەختە لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا وەربگرن بۆ ناردنی کەرەستە یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و هاوکاری بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، کە دەکەونە ناوچەکانی ژێر سزاکانی بلۆکی یەکێتی ئەوروپا، .

 

ئەم بڕیارەی کەمکردن و ئاسانکردنی سزاکانیسەر وڵاتی سوریا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە لەپێناو گەشتنی هاوکارییە مرۆییەکانە بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە، لە بەیاننامەکەشدا هاتووە، ئەم ڕێوشوێنە "لەبەرچاوگرتنی جددیەتی قەیرانی مرۆییە لە سوریا، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە توندتر بووە".

 

یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوەدا کە خۆی و وڵاتانی ئەندام بەخشەری سەرەکین بۆ سوریا و کۆی هاوکارییەکانیش گەیشتووەتە ٢٧.٤ ملیار یۆرۆ بۆ ئەو وڵاتە و وڵاتانی دراوسێی کە میوانداری پەنابەران دەکەن، وەک تورکیا، دوای بوومەلەرزەکەش، یەکێتی ئەوروپا ٣.٥ ملیۆن یۆرۆی دابینکرد بۆ ئەوەی بەشداری لە پێداویستییە مرۆییە بەپەلەییەکان لە سوریا بکات.

 

سزاکانی یەکێتی ئەوروپا کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە سەپێنراون، ٢٩١ کەس و ٧٠ لایەن دەکاتە ئامانج و بەستنی سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی گەشتکردن لەخۆدەگرێت.