هەدەپە لە هەرێمی کوردستان کاتی هاوکاری تا مانگێک درێژکردەوە

نوێنەرایەتى هەدەپە لە هەرێمی کوردستان کۆکردنەوەى هاوکارییەکانی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، بۆ ماوەی مانگێک درێژ کردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ٦ی شوبات لە ١٠ شاری باکووری کوردستان و تورکیا ڕوویدا و کاریگەری گەورەی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاش هەبوو، ئەو کەسانەی ڕزگاریان بوو بێ ماڵ و حاڵ مانەوە و پیویستی زۆریان بە هاوکاری کردن هەبوو، هەربۆیە لە زۆربەی وڵاتانەوە دەستی هاوکاری درێژکرا.

 

لە باشووری کوردستانیش سەرەڕای هاوکارییەکانی دیکە، نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان –هەدەپە لە هەرێمی کوردستان بە هاوكاری چەند چالاكوانێكی مەدەنی، ٩ی شوبات كەمپەینی كۆكردنەوەی هاوكاری ڕاگەیاند، شوێنی كۆكردنەوەی هاوكارییەكان بارەگای هەدەپەیە لە پشت میگا مۆڵ کە لە کاتژمێر ٩ی بەیانى  بۆ ٥ ئێوارە هاوکارییەکان وەردەگیرێن.

 

لە ڕێگەیەنراوێکدا نوێنەرایەتى هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەبەر پێویستى و کەمی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەى باکووری کوردستان، بڕیاریاندا بە درێژکردنەوەى کۆکردنەوەى کۆمەک و هاوکارییەکان  بۆماوەى مانگێک.

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەدەپە داوا لە هاوڵاتیانى باشووری کوردستان دەکات بەردەوام بن لە گەیاندنى هاوکاری و کۆمەک بە نوێنەرایەتى هەدەپە، چونکە تائێستا زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە پێویستیان بە هاوکارییە و بەشێکى زۆریان هیچ هاوکاری و کۆمەکێکیان پێنەگەیشتووە.