فاو ساڵی ٢٠٢٦ـی وەک ساڵی ژنانی جوتیار دیاری کرد

ڕێکخراوی فاو، ساڵی ٢٠٢٦ـی وەک ساڵی نێودەوڵەتیی ژنانی جوتیار دیاری کرد، بە مەبەستی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییە ڕەگەزییەکان و ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنانی جوتیار و تواناسازی ژنان لە سیستمەکانی خۆراکی کشتوکاڵیدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان "FAO" لە ماڵپەری فەرمی خۆی سەبارەت بە ناساندنی ژنانی جوتیار لە ساڵی ٢٠٢٦ـدا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

ناساندنی ژنانی جوتیار لە ٢٠٢٦ـدا

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان "FAO"  ساڵی ٢٠٢٦ـی وەک ساڵی نێودەوڵەتیی ژنانی جوتیار دیاری کرد، بە مەبەستی ناساندنی بەشدارییە گرنگ و پشتگوێخراوەکانی ژنان لە سیستەمە کشتوکاڵییەکاندا و هاندانی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییە ڕەگەزییەکان.

 

ئاماری کارکردنی ژنانی جوتیار

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ٤٠٪ ژنان لە جیهاندا لە کەرتی خۆراک و کشتوکاڵدا کاریان کردووە، کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان ژنان و پیاوان لە کشتوکاڵدا دەبێتە هۆی زیادبوونی یەک تریلیۆن دۆلار، لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان، ئەم هەنگاوە دەتوانێت ناسەقامگیری خۆراک بۆ ٤٥ ملیۆن کەس کەم بکاتەوە.

 

بەربەستەکانی بەردەم ژنانی جوتیار

باس لەوەشکراوە، ژنان لە ژینگەیەکی نادڵنیادا کار دەکەن و ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی سیستماتیک دەبنەوە، لەوانە، کەمی دەرفەتی خاوەندارێتی زەوی و وەرگرتنی قەرز،  دەستڕانەگەیشتن بە تەکنەلۆژیا و پەروەردەی کشتوکاڵی،  کەمی بەشداری لە بڕیارە سیاسییەکاندا، جیاوازی لە مووچە کە ژنان لە کەرتی کشتوکاڵدا تەنها ٧٨ سەنت وەردەگرن بەرامبەر هەر دۆلارێک، کە پیاوان دەستیان دەکەوێت.

 

کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا

ئەوەشخراوەتەڕوو، گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان هەیە لەوانە، هەر ڕۆژێکی گەرمای توند، بەهای بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ژنان بە ڕێژەی ٣٪ کەم دەکاتەوە بەراورد بە پیاوان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە بڕی ١ پلەی سەدی، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی ئەو خێزانانەی ژن سەرپەرشتییان دەکات، بە ڕێژەی ٣٤٪.

 

ژنە جوتیارەکان کێن؟

ئەم پێناسەیە هەموو ئەو ژنانە دەگرێتەوە، کە لە بوارە جیاوازەکاندا کار دەکەن وەک، بەرهەمهێنەرە بچووکەکان، کرێکارانی کشتوکاڵی، ڕاوچیانی ماسی، هەنگەوانان و ئاژەڵداران، ژنان لە بواری زانستە کشتوکاڵییەکان و بازرگانی گوندەکان، هەڵگرانی زانیارییە نەریتییەکان و پارێزەرانی ژینگە.