مانگرتن لە خواردن دژی لەسێدارەدان لە ئێران بەڕێوەچوو
زیندانیانی سیاسی لە زیندانی دەستگرد لە شاری ئیسفەهانی ئێران بەشدارییان لە مانگرتن لە خواردن لە دژی لەسێدارەدان کرد، زیندانییەکی سیاسیش دەڵێت: وریشە مورادی دەبێتە گێڕەرەوەی ئەو مەینەتی و ستەمەی کە بە پەت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێندرێت.
ناوەندی هەواڵ
لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'نا بۆ لەسێدارەدان' کە لە مانگی شوباتدا لە ٢٥ زیندانی ئێران دەستیپێکرد، هەموو سێشەممەیەک مانگرتن لە خواردن بەڕێوەدەچێت، زیندانیانی سیاسی کورد و بەلووچ و عەرەب لە دژی سزای لەسێدارەدان لە زیندانەکانی ئێراندا ناڕەزایەتی دەردەبڕن و سێشەممەکانی "نا بۆ سێدارە"یان بەڕێوەبرد.
ئەم مانگرتن لە خواردنەوەی ڕۆژانی سێشەممان، لە کاتێکدایە، کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٨٥٣ کەس لە ئێران لەسێدارەدراون، دوای ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"یش ڕێژەی سزای لەسێدارەدان لە ئێران بە ڕێژەی ٪٤٨زیادی کرد.
١٠ی تشرینی دووەم، دادگای ڕژێمی ئێران سزای لە سێدارەدانی بۆ وریشە مورادی، چالاکوانی سیاسی و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرکرد و ناڕەزایەتییەکان دژی سزای لەسێدارەدان چڕ بوونەوە، گولروخ ئیرایی، زیندانی سیاسی زیندانیکراوی بەندی ژنانی ئەڤین، پەیامێکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و ئینستاگرام بڵاوکردەوەو سزای لەسێدارەدانی ژنانی زیندانیی سیاسییەکانی ئێرانی بە "تۆڵەی توندی ڕژێم لە گەلی ئێران" ناوبرد و مانگرتنی ناڕەزایی زیندانیانی دژی ئەو سزایانە ڕاگەیاند.
هەروەها ئەمڕۆ، ١٣ی تشرینی دووەم، هەستی ئەمیری، چالاکوانی خوێندکاران و زیندانی سیاسی پێشوو لە پۆستێکی ئینستاگرام لە وەڵامی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی، بە بڵاوکردنەوەی دەقێک بە ناوی "دژی لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی؛ کۆترەکانی خاکی بریندار، نووسیویەتی: وریشە ژنێکی کوردە، لە کۆبانێ دژی داعش شەڕی کردووە و کاریگەرییەکانی شەڕەکە تا ئێستاش لەسەر جەستەی ماوەتەوە، شەڕی بینیوە و لەناو سەرهەڵداندا ژیاوە. سەربڕینەکانی دەستی داعشی گێڕاوەتەوە، ئێستاش دەبێتە گێڕەرەوەی ئەو مەینەتی و ستەمەی کە بە پەت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێندرێت و وەک خۆی دەڵێت، 'بەرخۆدان ژیانە، لە زاگرۆسەوە فێری وەستان بووم و تا ڕاوەستانی زاگرۆس؛ من وەستاوم'."