زیندانی ئەڤین؛ بێبەشکردنی پزیشکی نێرگس محەمەدی

نێرگس محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکوانی مافی مرۆڤ کە لە زیندانی ئەڤین زیندانی کراوە، سەرەڕای خراپی باری جەستەیی، لە چارەسەری پزیشکی و ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکان بێبەش کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نێرگس محەمەدی لە ١١ کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وە، نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژە لە چاوپێکەوتن و پەیوەندیکردن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە، بە دەست چەندین نەخۆشی وەک نەخۆشی دڵ، بارستەی سمک و ئازاری درێژخایەنی پشت دەناڵێنێت، تا ئێستا نەیتوانیوە دوو جار بۆ ئەنجیۆگرافی و پشکنینی باری تەندروستی ڕەوانە بکرێت. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، داواکاری گشتی مۆڵەتی ناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرکردووە، بەڵام ئەو ڕەوانەکردنانە بەهۆی ڕێگریکردن لە بەرپرسانی زیندانەکە بە هۆکارێکی نادیار هەڵوەشایەوەتەوە. 

 

ئەم چالاکوانی مافی مرۆڤە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا لە بەشێکی دیکەی دۆسیەکەیدا، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری، بە تۆمەتی  بە "پڕوپاگەندەکردن دژی ڕژێم" بە  ١٥ مانگ زیندان، دوو ساڵ دەربەدەری لە تاران و پارێزگاکانی تەنیشتی، دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵات، قەدەغەکردنی دوو ساڵ لە ئەندامێتی لە گروپە کۆمەڵایەتی-سیاسیەکان و قەدەغەکردنی دوو ساڵ لە بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکانیان بەسەردا سەپاند.

 

شایانی باسە کە نەرگس محەمەدی لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، دوای کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێ لە زیندان، لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای ئینقلابی تاران بە یەک ساڵ زیندان سزا درا.

 

نەرگس محەمەدی دوای ماوەیەک لە ئازاد بوونی لە ساڵی ٢٠١٩دا، بە هۆی دۆسیەیەک کە لە کاتی زیندانیکردنیدا بۆی کرایەوە سزای ٣٠ مانگ زیندانی و ٨٠ قامچی و دوو سەرپێچی دارایی بەسەردا سەپێندرا.

 

ئەم چالاکوانی مافی مرۆڤە لە ساڵی ٢٠٢٣ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی "بەهۆی خەباتی بوێرانەی بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی سێ دەیەدا" لەلایەن کۆمیتەی نۆبڵی نەرویجەوە بەدەستهێنا.