"شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کاریگەری لەسەر ژنان هەبوو"

دەلال بۆتان، یەکێک لە گەریلاکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-هەپەژە، بە ئاماژەدان بە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕوونی کردەوە، گەنجان بەشداریان لەم بزووتنەوەیەدا کرد و تووڕەیی کەڵەکەبووی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکاندا خرایەڕوو.

هەڤرین جەنگاوەر

 

ناوەندی هەواڵ- دەلال بوتان، سەبارەت بە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، باس لە ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ژنان و گەنجان لە ناڕەزایەتییەکاندا دەکات و ئەزموونی تایبەتی خۆی لە بەشداریکردن لەم ڕاپەڕینەدا باس دەکات.

 

"شۆڕشی ژنان وەک بۆمبێک تەقیەوە"

گەریلا دەلال بۆتان دەڵێت: کاتێک شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێکرد، کێشە تەنها  حیجاب یان چەند تاڵێک قژ نەبوو، توڕەیی و ڕق و کینەی خەڵک بەرامبەر بە حکومەت کەڵەکە ببوو، بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری ناڕەزایەتییەکان بوون، ئەم توڕەییە ئیتر ڕاپەڕین و پرسێکی ئاسایی نەبوو، کاتێک سەیری ڕووخساری خەڵکت دەکرد، دەتبینی چەندە تووڕە بوون لە هەموو ئەو دڕندەییانەی کە ڕژێمی ئێران ساڵانێک بوو بەسەریاندا هێنابوو، هەموو ئەو دڕندەییانەی لەناکاو وەک بۆمبێک تەقینەوە و ئەم تەقینەوەیەش هێزی پێشەنگی ژنانی لەگەڵدا بوو.

 

"لە ترسەوە بۆ هاواری هاودەنگی"

دەلال سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکان دەڵێت: ئەو کاتە ناڕەزایەتییەکان لە هەرێمەکەمان ئەوەندە بەربڵاو و گەرم نەبوون، ئێمە لە قوتابخانە بووین، بۆ یەکەمجار بڕیارماندا لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەمدا بەشداری ناڕەزایەتییەکان بکەین، بە ترس و دوودڵیەوە بەشداریمان کرد و بۆ یەکەمجار دروشممان وتەوە، وردە وردە هاوڕێکانمان لەگەڵمان بوون، لە کۆتاییدا قوتابخانەکەمان بەجێهێشت و بە یەک دەنگ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"مان وت، بەبێ ئەوەی بزانین بەڕاستی واتای چییە.

 

پرسیاری ژیان: ژن واتە ژیان، بەڵام ئەم ژیانە لە کوێیە؟

گەریلا دەلال بۆتان دەڵێت: لەم ناڕەزایەتیانەدا هەستی جۆش و لێگەڕین لەناخماندا دروست بوو، پرسیاری ژیان: ژن واتە ژیان، بەڵام ئەم ژیانە لە کوێیە؟ دروستبوو، هەر لەم گەڕانەدا بوو کە بۆمان دەرکەوت ڕێگایەک و ڕێبازێک هەیە کە ژنان دەخاتە ناوەندی سەرنجەوە، بزووتنەوەیەک هەیە کە جەخت لەسەر گرنگی ژن و بیری ژنان دەکاتەوە، ژیانێک لەسەر بنەمای هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دروست بووە، ئەم گەڕانە بۆ ژیان هۆکاری سەرەکی بەشداریکردنم بوو بۆ ناو ڕیزەکانی گەریلا.

 

"خیانەت لە خەونەکانت مەکە، تێکۆشن بکە بۆ ئازادی"

لە کۆتایی قسەکانیدا دەلال بۆتان دەڵێت: پەیامی ئێمە بۆ ژنان و گەنجان بەتایبەت ئەو هاوڕێیانەی کە لەگەل ئێمە لەچکەکانیان لابرد و بەشداری ناڕەزایەتییەکانیان کرد، ئەوەیە کە ئێوە زۆر بەهێزن، بەڵام هێشتا ڕێگای ڕاستتان نەدۆزیوەتەوە، ڕێ و ڕێباز لێرە و لەو ژیانەیە کە ئێمە تێیدا ناڕەزایەتی دەردەبڕین و هاوار دەکەین، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: خیانەت لە خەونەکانت مەکە، تێکۆشان بکە بۆ ئازادی، لە سەردەمی شۆڕشدا زۆر ئامانجمان هەبوو کە ئێستا لێرەدا وەستاوین، پەیامی من ئەوەیە ئامانجەکانتان زیندوو ڕابگرن و بۆ ژیان و بوونێکی ئازاد دەستبەرداری هیچ هەوڵێک مەبن.