ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە

کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا "MKG" ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕۆژی هەینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکراون، بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژنامەنووس کیبرییە ئەڤرەن لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٩ی شوبات دەستگیرکرا و ڕۆژنامەنووس سەلامەت توران لەهەمان ڕۆژدا لە جزیرە دەستگیرکرا، کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا "MKG" لەم بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە شەوی ڕابردوو ٩ی شوبات بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەکراوە، هێرشەکان و فشارەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا لە زیادبووندایە، بە تایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی حکومەتی ناوخۆ کە لە ٣١ی ئاداردا ئەنجام دەدرێت، فشار و هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەگەری ئازاد لە زیادبووندایە، بەیانی ئەمڕۆ پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس کیبرییە ئەڤرەن و دەستگیریان کرد، هەروەها ڕۆژنامەنووس سەلامەت توران ئەم بەیانییە لە ناوچەی جزیرەی شاری شرناخ دەستگیرکرا، کیبرییە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ناتوانێت لەگەڵ پارێزەرەکانی کۆببێتەوە.

 

"تێکۆشانیان هێز و هیوای کۆمەڵگەکەیانە"

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا ڕایگەیاند، "ڕۆژنامەنووسان هەم دەستگیرکراون و هەم ڕووبەڕووی بێ یاسایی بوونەتەوە، مافە ڕەواکانیان پێشێلکراوە، لەبەر ئەوەی ڕاستییەکان بە کۆمەڵگە دەڵێن، ئەوان دەبن بە دەنگی کۆمەڵگەو بە پێنووس و کامێراکانیان لە مەیدانەکاندا بەردەوام دەبن لە خەباتیان، وەک کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا "MKG" دەڵێین لەگەڵ خەباتی هاوکارەکانمانداین، تێکۆشانیان هێز و هیوای خودی کۆمەڵگایە، هەروەها پارێزەرانی کۆمەڵەکە بەدوای کەیسی ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان دەکەون، لە دژی فشار و سەرکوتکردنی هاوکارەکانمان، ئێمەش خەباتی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەپارێزین کە ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە، ناتوانێت هیچ فشارێک بخاتە سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد،  خاوەنداری لە پێنووس و کامێراکانی هاوکارەکانمان دەکەین".