نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی ئاوارەکان لە یەمەن لە دوو هەفتەی ڕابردوودا زیادی کردووە

ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ دەریخستووە حاڵەتەکانی ئاوارەبوونی ناوخۆیی لە یەمەن لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕ و پێکدادانەکان لە یەمەن بوونەتە هۆی زیادبوونی ئاوارەبوون بۆ ناوچە پارێزراوەکان و بە هۆی نەبوونی پێداویستی ئازارەکان خراپتر بوون.

 

ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕۆژی سێشەممە ١٦ی کانوونی دووەم بڵاوکرایەوە پشتڕاستی دەکاتەوە ٢٣ خێزانی ئاوارە کە ١٣٨ کەس دەبن لە نێوان ٧ بۆ ١٤ی ی ئەم مانگەدا تۆمارکراون، زۆرینەی ئەو خێزانانە گواستراونەتەوە بۆ ناوچەکانی ناو پارێزگا و ناوچەکانی مەئارەب و حودەیدە و تەعز.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ٢٨  خێزانی ئاوارە لە ماوەی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ تا ٦ی ئەم مانگە لە پارێزگاکانی مەئارەب و حودەیدە و ئەلحەج تۆمارکراون و ئەم ژمارەیەش زیادکراوە بۆ کۆی حاڵەتەکانی ئاوارەبوون کە لە سەرەتای ساڵەوە تۆمارکراون و کۆی ژمارەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان گەیشتە ٥١ خێزان.

 

جێی ئاماژەیە یەمەن ڕووبەڕووی بارودۆخی مرۆیی سەخت دەبێتەوە بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانەوە کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان و خراپترکردنی بارودۆخی مرۆیی، ڕێکخراوەکانی وەک کۆچی نێودەوڵەتی کاردەکەن بۆ دابینکردنی هاوکاری و پشتیوانی بۆ ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان.