ئێشکگریی دادپەروەری: لە ساڵی ٢٠٢٤دا خەباتی خۆمان فراوانتر دەکەین

دایکانی بەشداربوو لە ئێشکگریی دادپەروەریی رایدەگەیەنن، لە ساڵی نوێدا خەباتی خۆمان فراوانتر دەکەین و بە دروشمی "با سیاسەتی شەڕ کۆتایی پێبێت" داوا دەکەن، هەنگاوی ئاشتی بنرێت.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکاندا بە دروشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسیی بۆ پرسی کورد" بەردەوامە. لە شارەکانی تورکیا و باکوری کوردستانیش ئێشکگریی دادپەروەری کە لە لایەن کەسوکاری زیندانیان و رێکخراوەکانەوە بۆ پشتیوانیکردن لە مانگرتنی زیندانیان بەردەوامە.

 

دایکان و کەسوکاری زیندانیان کە بە داواکاری هەڵگرتنی گۆشەگیرییەوە چوونەتە ناو ساڵی نوێوە، ڕایانگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٤داچالاکییەکانیان فراوانتر دەکەن.

 

ژنانی بەشداربوو لە ئێشکگریی دادپەروەریی لە ئامەد، داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری و پشتیوانیکردن لە زیندانیان دەکەن.

 

"لە قەڵەم و فکرەکانی دەترسن"

ساڵیحا ناکچی، کە لە ناوچەی فارقینەوە رۆشتووە بۆ پاڵپشتیکردنی دایکان، داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بەم پێشێلکارییانە بهێنرێت و وتی: "ئێمە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی لێرەین، ئێمە جیهان لەسەر ئەم دۆخە ئیدانە دەکەین، ئەمڕۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بە بارمتە گیراوە، نەک هەر دەوڵەتی تورکیا، هەموو وڵاتانی جیهان لێی دەترسن، لە قەڵەم و فکرەکانی دەترسن. ئەم گۆشەگیرییە لە هیچ شوێنێکی جیهان بوونی نییە. بۆیە دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بەم نادادپەروەرییە بێنن".

 

"دەستبەرداری داواکارییەکەمان نابین"

بیرگول گۆکەلپ-یش ڕایگەیاند، کە ئەو بۆ پشتیوانیکردن لە مانگرتنی کوڕەکەی لە زیندانی ئەرزرۆم و بۆ پشتیوانیکردن لە هەموو زیندانییەکان دیکە بەشداریی لە ئێشکگریی دادپەروەرییدا کردووە و وتی: "منداڵەکانمان مانیان لە خواردن گرتووە، ئێمەش پشتیوانییان دەکەین، پێویستە کۆتایی بە گۆشەگیریی بهێندرێت، با ئیتر تابوت لە زیندانەکانەوە نەهێندرێنە دەرەوە، هیوای سەرکەوتن بۆ سەرجەم زیندانیان و دایکان دەخوازم. منداڵەکانمان بەردەوامن لە خەبات، ئێمەش لە خەباتی دەرەوەدا دەبین. ئێمە وازیان لێ ناهێنین و واز لە داواکاریی خۆمان ناهێنین، با پێشێلکردنی مافەکان کۆتایی پێبێت، با ڕێگری لە ئازادکردنی زیندانییەکان نەکرێت".

 

"ئێمە سەردەکەوین"

لە کۆتاییدا لەیحێ ئەرشیمەت قسەیکرد و رایگەیاند،: "ئەو کەسانەی ویژدانیان هەیە با پشتیوانیی زیندانییەکان بکەن، منداڵەکانمان لە ناوەوە و دەرەوەی زیندانەکان بەرخۆدان دەکەن، زیندانییەکان نەک تەنها بۆ خێزانەکانیان، بەڵکو بۆ هەموو کۆمەڵگا مانیان لە خواردن گرتووە، ئەمڕۆ دایکان بۆ ئاشتی خەبات دەکەن، هەروەها بۆ پشتگیری هاتین بۆ ئێرە، ئازادی و ئاشتیمان دەوێت، ئێمەی دایکانی کورد شەڕ و خوێنڕشتنمان ناوێت، ساڵانێکە ئەمە دەڵێین، ئێمە نامانەوێت کەس ئازاری پێ بگات، بێگومان ڕۆژێک دێت دڕندەیی و زوڵم و چەوساندنەوە کۆتایی پێدێت، سەرباری هەموو شتێکیش ئێمە سەردەکەوین و بۆ ئەوەش درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین".