"بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان پێویستە یەکگرتوو بین"
ژنانی عەفرین و شەهبا، کە پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتی ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لەسەر ئاستی جیهان ڕاگەیاند، داوای یەکڕیزیی پارتە کوردییەکان و سیاسەتمەداران و هەموو گەل دەکەن.
فیدان عەبدوڵا
شەهبا- ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوە مەدەنییە نێودەوڵەتییەکان، سەندیکا کرێکارییەکان، پارتە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران و نووسەران، بە ئامانجی ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، لە ٧٤ وڵاتی جیهان بە دروشمی "ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" کەمپەینێکی جیهانی دەستیپێکرد.
کەمپەینەکە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیهان بەشدارییان تیادا کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ بەشداری زیاتر دەبێت، هەروەها ژنانی عەفرین و شەهبا پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتەکە ڕاگەیاند و داوای یەکگرتنی پارت و لایەن و گەلی کورد دەکەن.
"دەبێت هەموو جیهان هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە نیشان بدات"
سلاڤا جومعە داوای یەکڕیزیی کرد و وتی: ئێمە لەگەڵ هەموو گەلان لەسەر یەک خاک دەژین، هەربۆیە کارەسات و ناخۆشییەکانمان وەک یەکن، دەبێت هەموو کەسێک بەسەر ئەو سەختییەدا زاڵ بن کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و یەکگرتوو بن، فکر و فەلسەفە و خەباتی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەموو کۆمەڵگەوە هەیە، بۆیە بەشداریی خۆمان لەو هەڵمەتە جیهانییە ڕادەگەیەنین کە بە ئامانجی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە.
"دەبێت ئازادی جەستەیی مسۆگەر بکرێت"
ئامانی شێخۆ ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لەژێر گۆشەگیریدایە، بەڵام بیرۆکەکانی ئازادن و وتی: فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بنەماکانیەتی، بۆیە پێویستە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان مسۆگەر بکرێت، تا هەموو قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکرێت، ئەگەرنا ڕۆژ بە ڕۆژ جیهان بەرەو خراپتر دەچێت.
"ئێمە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین"
نەورۆز هاشم باسی لەوەکرد، ئەو هەڵمەتە جیهانییەی کە لە ٧٤ ناوەند دەستی پێکردووە، هەڵمەتێکی کاریگەرە و وتی: هێز و لایەنە سەرمایەدار و دەسەڵاتدارەکان لە ناوچەکەدا بە مەبەستی ڕێگریکردن و شکستهێنانی کەمپەینی ئازادی جەستەیی رێبەر ئۆجالان چەندین دۆخی قەیراناوی دروست دەکەن، بەڵام ئێمە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین و هەموو ئەو ئاستەنگ و سەختییانە تێدەپەڕێنین کە دێنە بەردەممان. بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، پێویستە پارت و سیاسەتمەدارانی کوردی و هەموو ڕێکخراوەکان دەستی یەکتر بگرن و ڕیزەکانیان بکەن بە یەک.