ڕۆژنامەنووسانی ژن لە شەنگال: هێرش بۆ سەر هەموو ژنانە
ڕۆژنامەنووسانی ژن لە شەنگال هەڵوێستیان بەرامبەر بە هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ژن تیڤی دەربڕی و ڕایانگەیاند، "هێرشکردنە سەر ڕاگەیاندنیی ژنان هێرشە بۆ سەر هەموو ژنان".
هاوار میدیا
شەنگال- ڕۆژی ٢٣ی ئاب، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگای قامیشلۆ-عامودا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلی کارمەندانی ژن تیڤی و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، نەجمەدین فەیسەڵ، کارمەندی کەناڵەکە گیانی لەدەستدا و پەیامنێر دەلیلا عەگید بریندار بوو.
ڕۆژنامەنووسانی شەنگال کاردانەوەیان بەرامبەر بە هێرشکردنە سەر ڕاگەیاندنیی ئازاد دەربڕی و ڕایانگەیاند، هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر ڕاگەیاندنیی ژنان بە خەباتکردنیان پووچەڵ دەکەنەوە.
ڕاستییەکان دەکرێنە ئامانج
نوژین ئێزیدی، پێشکەشکاری چرا تیڤی، وتی: وەکو ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئێزیدی هەموو شەهیدان لە کەسایەتی شەهیدانی ڕاگەیاندنیی ئازاددا بەبیر دەهێنینەوە، ئەم جۆرە هێرشە یەکەمجار نییە، دەیان جار ڕۆژنامەنووسان کراونەتە ئامانج، چونکە ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن، هەمیشە ڕاگەیاندنی ئازاد دەکەنە ئامانج، چونکە ئەوەی ڕاستییەکان دەخاتەڕوو و دەبێتە بەربەست لەبەرامبەر درۆ و پیسی دوژمنە دڕندەکان، ڕاگەیاندنی ئازادە. خەباتی ڕۆژئاوا و شەنگال لە سایەی ڕاگەیاندنی ئازادەوە بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە، بۆ ئەوەش هەمیشە ڕاگەیاندن ئامانج بووە، یەکێک لەوانەش هاوڕێی شەهیدمان نوژیان ئەرهان بوو، کە بوو بە دەنگ و ڕەنگی ڕاستی، ئەو دۆخ و ئازارانەی کە هەبوون خستیەڕوو، بۆیە لەلایەن پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە کرایە ئامانج، کاتێک هێرش دەکرێتە سەر ڕاگەیاندنی ژنان، هێرش دەکرێتە سەر هەموو ژنان، چونکە حەقیقەتی بەرخۆدان و خەباتی ژنان لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ژنانەوە بڵاو دەبێتەوە، دەسەڵات ئەوەی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی ئاشکرا نەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا نوژین ئێزیدی وتی: سیستمی حوکمڕان بە هەموو جۆرێک هێرش دەکات، ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان خەباتێک لە دژی داگیرکاری هەیە، ئەم خەباتە لە سایەی ڕاگەیاندنی ژنان زۆر بەهێز بڵاو دەبێتەوە و هەمووان ڕاستی دەبینن، ئێمەش شوێن پێی شەهیدەکانمان دەگرین و دوژمن چۆن هێرش بکات، جا بە فڕۆکە بێت، لە ڕێگەی کەناڵە کۆمەڵایەتییەکانەوە، یان هەر شتێکی تر بێت، ئێمە لە خەبات ڕاناگرێن و بەردەوامین.
"ڕاگەیاندنی ژنان ترس لە دڵی داگیرکەراندا دروست دەکات"
بێریڤان چیا، ڕۆژنامەنووس، پرسەو سەرەخۆشی خۆی بۆ شەهیدان و چاکبوونەوەی خێرای بۆ خانەوادەی هاوڕێکانی دەربڕی و وتی: داگیرکەری تورکیا دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک هێرش بکاتە سەر ژنان، بەتایبەتی ژنە ڕۆژنامەنووسەکان، داگیرکەران دەیانەوێت ڕێگری لە ڕاگەیاندنی ئازاد بکەن. بۆ ئەوەی بوونمان هەبێت، بەردەوام دەبین لە خەباتمان، دوژمن هەرچییەک بکات، ئێمەش شوێن پێی شەهیدەکانمان دەگرین، دوژمنان لە ڕاگەیاندنی ژنان دەترسن، چونکە ڕاستی کۆمەڵگە و دەسەڵات لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ژنانەوە دەردەکەوێت و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ژنانەوە کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە دەڕوات، بۆیە هەمیشە دەیانکەنە ئامانج.