"دەنگە پڕ ڕەنگەکان" گەیاندنی ئازارەکانی ژنانی ڕۆژئاوا و باشوورە

سەرەڕای ئەو هێرش و داگیرکارییەی لەسەر ڕۆژائاوای کوردستان هەیە، ژنان لە بواری هونەریدا خۆیان پێشخستووە، لە پێشانگایەکدا لێهاتووی ئەو ژنانە و دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و کولتووری باشووری کوردستان نمایشکرا.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- گەلی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکاری بووەتەوە لە لایەن داگیرکەرانی وەک دەوڵەتی تورکیاوە، ڕۆژئاوای کوردستانیش تا ئێستا هێرش و داگیرکاری لەسەرە، بەڵام جەنگ کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان جێنەهێشتووە و بەردەوامن لە کارەکانیان، لە ڕێگەی کاری هونەریەوە ئەو ئازار و نەهامەتیانە دەخەنە ڕوو کە ژنان دەیبینن لە کاتی جەنگدا.

 

ئێوارەی دوێنێ ١٢ی تەمموز لە مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکەی شاری سلێمانی پێشانگای "دەنگە پڕ ڕەنگەکان" کرایەوە، پێشانگاکە تابلۆی ژنانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستانی لەخۆگرتبوو، کە تابلۆی ١٣ هونەرمەندی ژنی ڕۆژئاوا و ٥ هونەرمەندی ژنی باشووری کوردستان بوون.

 

پێشانگاکە لە ٣٥ تابلۆ پێکهاتووە، لەلایەن هاوڵاتیانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا و سەردانیکەران دڵخۆشبوون بە بینینی کارە هونەرییەکانی ژنانی ڕۆژئاوا، هونەرمەندانیش دڵخۆشبوون بەو پێشوازییەی خەڵکی باشووری کوردستان و داوایان کرد لەم جۆرە پێشانگایانە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ژنانی چوار پارچەی کوردستان یەکبگرن و سوود لە گۆڕینەوەی کولتووری یەکتر ببینن، بڕیارە پێشانگاکە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ، تا ١٥ی تەمموز بەردەوام بێت.

 

"دەمەوێت ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی تابلۆوە بگەیەنم"

نورهین حسێن، هونەرمەندێکی ڕۆژئاوای کوردستانە و لە سەرێکانیەوە بە ٤ تابلۆ بەشداری لە پێشانگاکەدا کردووە، تابلۆکانی باسی ژنانی ڕۆژئاوا و دایکی شەهیدان دەکات، وەک خۆی دەڵێت: هەستێکی خۆشم هەیە کە توانیومە لە شارێکی باشووری کوردستان تابلۆکانم نمایش دەکەم لەگەڵ ژنانی باشووردا، دەمەوێت ئەو ڕووداوانەی لە ڕۆژائاوا ڕوودەدەن لە تابلۆکانمدا ئاماژەیان پێ بکەم.

 

"لە هەر جێگەیەک هونەر هەبێت ژیان هەیە"

چیمەن ئیسماعیل وەکو میوانێک بەشداری کردووە لە کردنەوەی پێشانگاکەدا و دەڵێت؛ جێگەی خۆشحاڵیە کۆمەڵێک ژنی بەتوانا نمایشی تابلۆکانیان دەکەن و پێشانگاکە کۆمەڵێک بابەت و ڕەنگی جیاواز لەخۆی دەگرێت، بۆیە لە هەر جێگەیەک هونەر و ژن هەبێت ژیان هەیە، ژنانی ڕۆژئاوا پێمان دەڵێن لە پارچەیەکی کوردستان جەنگ هەیە، بەڵام لەگەڵیدا ئەم کارە جوانانەش هەیە، ئێمە وەکو کورد هەمیشە داگیرکاریمان لەسەر بۆیە کاریگاری جەنگیشمان لەسەرە، بەڵام دەبێت بەردەوام بین و ئەم جۆرە پێشانگایانە ببێتە دەسپێکێک بۆ ئەو ژنانەی کە نەیاتوانیوە بەشدار بن، هیوادارم هەموو کەسێک بێت سەردانی ئەم پیشانگایە بکات و لە نزیکەوە تواناکانی ژنانی ڕۆژئاوا ببینێت.

 

"لە تابلۆکانمدا ژنم وەک هەنار ئاماژە پێکردووە"

شیرین علو هونەرمەندێکی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستانە لە شاری عەفرینەوە بە ٦ تابلۆ بەشداری کردووە، ئاماژەی بەوەکرد، من زۆر دڵخۆشم کە توانیومانە ئەو سنورە تێبپەڕێنین و دەستی هونەری باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەیەک بگەیەنین، تابلۆکانم هەموویان باس لە دۆخی شارەکەم دەکات، شاری من کە عەفرینە شارێک بوو وەک بەهەشت بوو، پێش ئەوەی داگیر بکرێت ئێمە بە ئارامی تیایدا دەژیاین، دەرچوونمان لە عەفرین ئازارێکی سەخت بوو، بۆ ئەوەی لەو ئازارە دوور بکەومەوە دەستم بە وێنەکێشان کرد، تابلۆ بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی لەو خەمبارییە ڕزگارم ببێت.

 

شیرین علو وتیشی: دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ژنان دەتوانن هەموو شتێک بکەن، لە هەر بوارێکی هونەردا دەتوانن بە ئازادی کار بکەن، لە هەموو تابلۆکانمدا ژنم کردووە بە پێشەنگ و بە هەنار ئاماژەم پێکردووە، لە یەکێک لە تابلۆکانمدا کە ئاماژە بۆ شەڕ دەکات، ژنم وەک سیمبولی هەنار لە سەرەوە داناوە.

 

"تابلۆکانم باسی کولتووری کوردی دەکات"

شانۆ محەمەد،  یەکێکە لە هونەرمەندەکانی باشووری کوردستان، بە ٤ تابلۆ بەشداری لە پێشانگای "دەنگە پڕ ڕەنگەکان" کردووە و ئاماژەی بەوەکرد، تابلۆکانم زیاتر باس لە سروشتی کوردستان و فۆلکلۆری کوردی دەکەن، ئەم پێشانگایانە پێویستە بۆ ئەوەی ژنانی کورد توانا و لێهاتووی خۆیان لە ڕێگەی تابلۆکانیانەوە بگەیەنن، من وەکو هونەرمەندێکی باشووری کوردستان کارەکانی ژنانی ڕۆژئاوا جوان هەڵدەسەنگێنم، بەم شێوەیە دەتوانین یەکگرتووی خۆمان دەربخەین و دەتوانین زۆربەی کێشەکان چارەسەر بکەین، یەکێک لە تابلۆکانیشم ژنم هەڵبژاردووە کە دەف دەژەنێت بە جلی کوردی ڕەسەنەوە و جوانی و گەورەیی ژن پێشان دەدات.  

 

"جێگەی دڵخۆشیە ژنانی دوو پارچەی کوردستان لە پێشانگایەنکدا بەشدارن"

یارا حەسکۆ، هونەرمەندیکی ژنی ڕۆژئاوای کوردستانە و تابلۆی ١٣ هونەرمەندی ڕۆژئاوای هێناوە، خۆشی بە ٩ تابلۆ بەشداری کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هونەرمەندانەی بەشداریان کردووە لەم پێشانگایەدا لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە هاتوون، جێگەی دڵخۆشیە بۆ ئێمە لەگەڵ ژنانی باشووری کوردستان لە یەک پێشانگادا بەشداریمان کردووە، ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ زیاتر ناسینی یەکتر، تابلۆکانیش داستانی زۆریان تێدایە و ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی خەڵک بزانن چی لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت.