ڕێژەی برسێتی لە عێراق بەرەو دابەزین دەڕوات و سووریاش لە بەرزترین پێوەری برسێتیدایە

لە ڕاپۆرتێکدا، کە لەسەر برسێتی لە ماوەی ٢٢ی ساڵی ڕابردوودا ئامادە کراوە، ئاماژە بەوەکراوە، لە عێراق ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەکە لە کەمبوونەوەدایە و سووریا لە برسیترینی وڵاتەکاندایە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتی هەردوو ماڵپەڕی  Welthungerhilfeی ئەڵمانی و  Worldwide Concern، عێراق لە كۆی ٢١٢ وڵاتی ناو خشتەیەکدا بۆ ڕێژەی برسێتی لە پلەی ٦٦ەمیندایە بە نمرەی ١٣.٧، بەپێی ئەمەش ڕێژەی برسیتی لە عێراقدا بەرەو دابەزین دەڕوات.

 

ماڵپەڕەكان ئاماژەیان بەوەش كردووە، ڕێژەی برسیتی لە عێراق دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٠دا گەیشتە ٢٣.٨ خاڵ، لە ساڵی ٢٠٠٨دا بۆ ٢٠.٨ خاڵ دابەزیوە، دواتر لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ ١٦.٦ خاڵ دابەزیوە، لە ساڵی ٢٠٢٢شدا بۆ ١٣.٧ خاڵ دابەزیوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە وڵاتانی عەرەبیدا، كوێت، پاشان ئیمارات، تونس، سعودیە، جەزائیر و مەغریب، هاتنە ناو پێوەرەكانی برسێتی پۆلی نزم، لە دوای ئەویش لوبنان، ئوردن، میسر، عومان و عێراق، لە چوارچێوەی پۆلی مامناوەندن، لە دوای ئەویش سودان و یەمەن چوونەتە ناو پۆلی مەترسیدار و سۆماڵیش لەناو پۆلی سەختدایە.

 

لە كۆتایشدا ئەوە خراوەتەڕوو، لەسەر ئاستی جیهان هەریەك لە وڵاتانی بیلاڕووس، بۆسنە و هەنگاریا، شیلی، چین، كرواتیا، ئیستۆنیا و هەنگاریا لە ڕیزبەندی یەكەمدا بوون، لە لیستی ئەو وڵاتانەی كە كەمترین پێوەرەكانی برسێتی جیهانییان هەیە، سووریا و باشووری سودان لە پلەی خوارەوەی ڕیزبەندی جیهانییەكاندا بوون، كە بەرزترین پێوەرەكانی برسێتی جیهانییان هەیە .