سنە، بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی مامۆستا لە ساڵیادی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی مامۆستایان، ئەو شوێنانەی کە بۆ کۆبوونەوەکە دانرابوو، بە سەربازگە کرابوون و لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر مامۆستایان.

سنە

 

ئەمڕۆ، ٩ی ئایار، ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی مامۆستای کورد فەرزاد کەمانگەر، بە ڕۆژی مامۆستای ئازاد ناونرا و ساڵانە هاوڵاتییان و مامۆستایان یادی دەکەنەوە، بەو بۆنەیەوە، ئەنجومەنی هەماهەنگی یەکێتیەکانی ڕێکخراوە فەرهەنگییەکانی ئێران، یەکێتی مامۆستایان و ڕێکخراوە سەندیکاییەکانی دیکە داوای کۆبوونەوەی مامۆستایانیان لە سەرتاسەری ئێران کرد.

 

ئەنجومەنی هەماهەنگی سەندیکاکانی کرێکاران چەند ڕۆژێک لەمەوبەر داوای گردبوونەوە لە سەرجەم پارێزگاکان کردبوو، دوێنێش کۆمەڵەی سەندیکای مامۆستایانیش پشتیوانی خۆی بۆ بانگەوازی ئەنجومەنەکە دەربڕی و داوای کرد مامۆستایان و دایکان و باوکان لە گردبوونەوەیەکدا کۆببنەوە بۆ ڕێزلێنان لە یادی ئەو شەهیدانە و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ژەهراویکردنی قوتابخانەکان.

 

بۆ شوێنی گردبوونەوەکە بەردەم بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سەرجەم پارێزگاکان کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی دیاریکرا، ئەمڕۆش لەو کاتە سنە و زۆرینەی شارەکان گردبوونەوە ئەنجامدرا.

 

کاتێک گردبوونەوەکە دەستیپێکرد، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر مامۆستایانی ناڕازی و بڵاوەیان پێکردن،  تەلەفۆنی خەڵکیان وەرگرت بۆ ئەوەی کەس وێنە نەگرێت، مامۆستایان کۆکرانەوە و دروشم بە دەستیانەوە بینرا.

 

هەروەها بەشێک لە شایەتحاڵەکان باس لە دەستگیرکردنی دوو مامۆستا دەکەن، کە تا ئێستا نەمانتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاستی بکەینەوە.

 

جێی ئاماژەیە، ٩ی ئایاری ٢٠١٠ فەرزاد کەمانگەر لەگەڵ چوار بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی شیرین عەلەمهولی، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی، مەهدی ئیسلامیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دران.