٥٨ منداڵی قوربانی بوومەلەرزە لە دامودەزگاکانی وەزارەتدان

وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، ٥٨ منداڵ کە لە ژێر وێرانەی بوومەلەرزەکەدا دەرهێنراون، لە دامودەزگاکانی وەزارەتدان و ڕایانگەیاند کە زانیاری دەربارەی ناسنامەی ٢ منداڵ نازانرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی زانیارییان لەسەر دۆخی منداڵانی بێ سەرپەرشتیی قوربانیانی بوومەلەرزە لە دامەزراوەکانیاندا بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە هەزار و ٩١٤ منداڵی بێ سەرپەرشت لە ژێر داروپەردوو دەرهێنراون و ناویان تۆمارکراوە، دوای پشکنین و پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی داواکاران، هەزار و ٨٢٣ منداڵ ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراون، هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٢٢ منداڵ تا ئێستا لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان بۆ دەکرێت.

 

تا ئێستا ناسنامەی ئەو ٢ منداڵە نادیارە

لە ڕاگەیەندراوەکەدا دیاریکراوە، ٥٨ منداڵ کە چارەسەریان لە نەخۆشخانە تەواو بووە، لە ژێر چاودێری دامەزراوەکە لەلایەن وەزارەتەوە بردراون و بەم شێوەیە وتراوە: "٢ منداڵمان لە دامودەزگاکانی چاودێری منداڵان هەیە و تا ئێستا ناسنامەکەیان دیاری نەکراوە، ١١ لە منداڵەکانمان کە لە تۆمارەکانماندان، گیانیان لەدەستدا لەکاتێکدا چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانە بەردەوام بوو، هەروەها لە ئەنجامی ئەو کارانەی کە لەسەر ئاگادارکردنەوەکانی مۆدیولی منداڵان لە بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی سیستەمی زانیاری خێزان ئەنجامدراون، دیاریکرا کە ٥٤٦ منداڵمان گیانیان لەدەستداوە."