بەهۆی پیسبوونەوە ساڵانە زیاتر لە ٩ هەزار دانیشتووی بەسڕە تووشی شێرپەنجە دەبن
هۆشداری لە پیسبوونی پارێزگای بەسڕە دەدرێت و ئاماژە بەوەدەکرێت، ساڵانە زیاتر لە ٩ هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە پارێزگاکە تۆمار دەكرێت.
ناوەندی هەواڵ
پارێزگای بەسڕە کە گەورەترین پارێزگای عێراقە لە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت، لەكاتی بەرهەمهێنانی و دەرهێنانی نەوتدا چەندین مادەی پیس تێكەڵاو بەژینگە دەبێت و زیان بەزیندەوەر دەگەیەنن و هۆكارێكی سەرەكیشە بۆ توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە.
بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی عێراقیش تەنها لە خەمی دەرهێنان و بازرگانیکردن بە نەوتدان و هیچ کات گرنگییان بە تەندروستی هاوڵاتیان و ژینگە نەداوەو سەرەڕای هۆشدارییەکان بەردەوامن لە خەمساردی بەرامبەر ئەم کارەساتەی ڕووبەڕووی ژیان و مرۆڤ بووەتەوە.
میدیا عێراقییەكان لەزاری بەڕێوەبەری دەستەی مافی مرۆڤ لە بەسڕە بڵاویانکردووەتەوە، بەهۆی پیسبوونی ژینگەی پارێزگاكەوە ساڵانە زیاتر لە ٩ هەزار حاڵەتی شێرپەنجە تۆمار دەكرێت و هۆشداری لەپیسبوونی ژینگەی بەسڕە دراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر ئەم بارودۆخەی ئێستا بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكە بەردەوام بێت و بێدەنگی لێ بكرێت، ئەوا ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە ساڵانە لە ٤٠ هەزار كەس زیاتر دەبێت و زۆربوونی حاڵەتی توشوبوون بە شێربەنجە لە پارێزگای بەسرە بە هۆی ئەو وەچارخانە گەورەوەیە لە پیسبوونی ژینگە، كە پارێزگاكە بەدەستیەوە دەناڵێنێت.