لە ماوەی ١٦ مانگی ڕابردوودا ٧٩ کرێکار گیانیان لەدەستداوە

بە هۆی نزیکبوونەەوە لە ١ی ئادار، ڕۆژی جیهانی کرێکاران، ئاماری گیان لەدەستدانی کرێکارانی هەرێمی کوردستان خرایە ڕوو، ئامارەکانیش دەریدەخەن ڕێژەکە ڕوو لە زیادبوونە و تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢ سێ ژنی کرێکار گیانیان لەدەستداوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ  لە شاری سلێمانی ڕۆژنامەی دەنگی کرێکار کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و تیایدا ئاماری گیان لەدەستدانی کرێکاران خرایەڕوو، داوا لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان کرا هەوڵ و تێکۆشانێکی بەرچاو بگێڕن بەرامبەر دەرخستنی مافەکانی چینی کرێکار و گەیاندنی دەنگیان.

 

لە کۆنگرەکەدا ئامارەکان لە لایەن شاباز مەحمود، بەرپرسی گۆشەی رووداوەکانی شوێنی کار لە بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئاماری گیان لەدەستدانی کرێکاران بە ڕێژەیەکی ترسناکە، بە شێوەیەک لە ماوەی ١٢ مانگی ساڵی ٢٠٢٢ لە هەولێر ٢٤ کرێکار، سلێمانی ٢١ کرێکار، هەڵەبجە ٥ کرێکار، دهۆک ٩ کرێکار، کە بە کۆی گشتی ٥٩ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، لە کۆی ئەم ئامارە ٣ کرێکاریان ژن بووە، ٤ کرێکاریان گەنج بوون، ٢١ یان کرێکاری بیانی بوون، تەمەنی قوربانییەکان لە نێوان ١٦ بۆ ٧٠ ساڵ بووە.

 

ئاماری قوربانیان لە ٤ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ لە هەولێر ٥ کرێکار، سلێمانی ٦ کرێکار، هەڵەبجە ١ کرێکار، دهۆک ٢ کرێکار، ناوچەی دەرەوەی هەرێم ٦ کرێکار و کۆی گشتی ٢٠ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، کە هۆکاری ئەم ڕووداوانە ٧ کرێکار بەهۆی داڕمانەوە، ٢ کرێکار بەهۆی کارەبا گرتنەوە، ٦ کرێکار بەهۆی کەوتنە خوارەوەوە، ٢ کرێکار بەهۆی سووتان، ٣ کرێکاریش بەهۆی کەوتنە ژێر ئامێرەکانی کارکردنەوە بووە، کۆی گشتی ئەو کرێکارانەی لە ١٦ مانگی ڕابردوودا گیانلەدەستداوە ٧٩ کرێکار بووە.

 

ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران بە پێ چەند ساڵی ڕابردوو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە بەم شێوەیە، لە ساڵی ٢٠١٣ "١٢٩" کرێکار، ساڵی ٢٠١٤ "٥٤" کرێکار، ساڵی ٢٠١٩ "٣٨" کرێکار، ساڵی ٢٠٢٠ "٣١ کرێکار"، ساڵی ٢٠٢١ "٦٣" کرێکار و ساڵی ٢٠٢٢" ٥٩ "کرێکار گیانیان لەدەستداوە.