ئەگەری هەیە لە ٢٠٢٤ خۆر بگاتە لوتکەی سوری چالاکبوونی

توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوەدەکات، لەوانەیە خۆر بگاتە لوتکەی سووڕی چالاکی ئێستای لە ساڵی ٢٠٢٤ دا، ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر زەوی لانیکەم بۆ پێنج ساڵی داهاتوو.

ناوەندی هەواڵ

 

لەم دواییانەدا تیمێکی زانایان خەمڵاندنی باشتر و وردتریان بۆ بەهێزی و گەشەی خولی ئێستای خۆر ئاشکرا کرد و ڕایانگەیاند، پێشبینیدەکرێت لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ خۆر بگاتە لوتکەی چالاکییەکانی بە شێوەیەک لە مانگێکدا ١٨٥ پەڵەی خۆر تۆماربکرێت.

 

سوڕی چالاکییەکانی خۆر لە ساڵی ١٧٥٥ەوە تۆمار کراوە و لە ئێستادا لە پێنجەم سوڕدایە و لە ساڵی ٢٠١٩ پێشبینی ئەوەکرا ڕێژەی چالاکییەکەی ناوەندی بێت، بەڵام لە ئێستادا پێشبینییەکان گۆڕاون.

 

سوڕی چالاکی خۆر بۆ ماوەی ١١ ساڵ بەردەوام دەبێت لە دەردانی چالاکی موگناتیسی و ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ژمارەیەک پەڵەی خۆر و بڵێسەی ئاگر و تەقینەوە.

 

سوڕی چالاکییەکانی خۆر جیاوازییان هەیە، لە لاوازترین سوڕی چالاکیدا کەمتر لە ١٠٠ پەڵەی خۆر دروست دەبێت و هەندێک کات و لە هەندێک سوڕدا ٣٠٠ پەڵەی خۆر لە مانگێکدا دروست دەبێت.

 

زانایان وتویانە: لەوانەیە چاوەڕوانی کاریگەرترین ڕووداوەکان بکەین دوای ئەوەی زۆرترین ڕووداو لە ساڵانی ٢٠٢٥و ٢٠٢٦ ڕوودەدات، چونکە هەموو ١١ ساڵ جارێک جەمسەرەکانی خۆر هەڵدەفڕن.