ژنانی دێرەزۆر داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن

ژنانی دێرەزۆر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوایان لە کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجە "سی پی تی" کرد کە دۆخی تەندروستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرا بکەن.

زەینەب خەلیف

 

دێرەزۆر-ژنانی دێرەزۆر ئاماژەیان بەوەکرد، ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێنراوە جگە لە هەوڵێکی داگیرکاریی تورکیا بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئازادی هیچی تر نییە، جەختیان لەسەر پێویستی هەڵگرتنی گۆشەگیریی توند کردەوە.

 

ژنانی دێرەزۆر جەختیان لە لابردنی گۆشەگیریی تووندی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کردەوە، کە لە دوای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا سەپێندراوە وەک هەوڵێک بۆ لاوازکردنی گەلی کورد.

 

"ئۆجالان ڕێی ئازادی نیشانی ژناندا"

عەهد مەرکاز، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەل لە هەجین وتی: پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کارێکی نامرۆڤانەیە و نابێت ئەم بابەتە قبوڵ بکەین، سەرەڕای ئەوەی ڕێبەر ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالی و ئەو سەختیانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەمیشە بە بیرۆکەکانی پشتیوانیمان دەکات، بێدەنگی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی بۆ وەرگرتنی هەڵوێست لەبەرامبەر پیلانگێڕییەکە و گۆشەگیریی سەختی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئیدانە دەکەین، ڕێبەر ئۆجالان دەرفەتی بە ژنان داوە کە ماف و مێژووی خۆیان فێر بن و ڕێگای ئازادی ڕووناک بکەنەوە.

 

"ئازادی ئۆجالان ئازادی گەلانە"

مونا عوید، ئەندامی کۆمیتەی ئاشتەوایی لە کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، وتی: ئازادی هەموو گەلان ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڵگەیە بۆ ئاڵۆزییەکانیان لە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیدا، ئێمە بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە لەبەردەم هەموو ئەو هێزە هەژموونگەرانەدا بوەستینەوە، دەیانەوێت پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک لەناوببەن کە ڕێبەر ئۆجالان دایمەزراندووە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گۆشەگیریی تووندی سەر ڕێبەر ئۆجالان بەشێکە لە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی، وتیشی: ئێمە واز لە داواکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان ناهێنین، داوا لە کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجە دەکەین، دۆخی تەندروستیی ڕێبەر ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالی ئاشکرا بکات و بە زووترین کات ڕێگە بدات لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانی کۆببێتەوە.