تەندروستی ژنان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە و بارودۆخی ناجێگیر

پزیشکی ژنان و منداڵبوون ئاماژە بە ڕەچاونەکردنی پاک و خاوێنی کەسیی لە ناوچە بوومەلەرزەییەکاندا دەکات و دەڵێت: ئەو هەوکردنانەی کە ڕەنگە ژنانی دووگیان تووشی ببن، لە هەندێک حاڵەتدا دەبنە هۆی لەبارچوون و لەدایکبوونی پێشوەختە.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- دوای بوومەلەرزەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کارەسات دروستبوو، پرسەکانی وەک پاکوخاوێنی کەسیی لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان و ئەو نەخۆشییانەی بڵاودەبنەوە بە گرنگییەوە سەیر دەکرێن، بەتایبەت لەنێوان ژناندا، هۆشیاری بڵاودەکرێتەوە کە ژنانی دووگیان خۆراکی وەک گوێز و میوەی وشککراوە هەڵبگرن.

 

لەهەندێک ناوچەدا پلەبەندی دابەشکردنی خۆراک هەیە، لەسەر بنەمای ئەو پلەبەندییە خۆراک سەرەتا دەگاتە دەستی پیاوان و منداڵ، دواتر بەسەر ژناندا دابەشدەکرێت و بەشێوەیەکی گشتی ژنانی دووگیان بە توندی کاریگەری پیسبوونی ئاو و گۆڕانی پلەی گەرمی و ڕووداوە توندڕەوەکانی تریان لەسەرە، لە بنەڕەتدا خۆراکی ژنانی دووگیان و شیردەر دەبێت جیاواز بێت لەوانی تر و ئەمەش پێویستە لە کاتی دابەشکردندا لەبەرچاو بگیرێت.

 

بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو نەخۆشی و مەترسییانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکاندا پزیشک س. ا. شارەزای بواری نەخۆشییەکانی ژنان ئاماژەی بەوەدا، ژنان زیاتر ڕووبەڕووی کاریگەریەکانی بوومەلەرزە و ڕووداوەکانی تر دەبنەوە، چونکە لەم کاتەدا جگە لە تابۆکانی کۆمەڵگە، نەبوونی کەرەستە و دەرمان و چاودێریکردنی خودی کەم دەبێتەوە.

 

چ بابەتێک مەترسی لەسەر تەندروستی ژنان دروست دەکات و پێویستە ڕەچاوی چی بکرێت؟

ئەو پزیشکە وتی: یەکێک لەو شتانەی کە پێویستە زۆر گرنگی پێبدرێت زانینی کێشە و پێداویستیەکانی تەندروستی سوڕی مانگانەی ژنانە لەکاتی بوومەلەرزەدا، نەبوونی پاد-سانتیی تەندروستی و تەنانەت بوونی تابۆ کە ڕێگری لە داواکردنی پاد دەکات، دەبێتە هۆی هەوکردن و نەخۆشی جۆراوجۆر. زۆرێک لە ژنان شەرم لە وەرگرتنی پادەکان و جلی ژێرەوە دەکەن، یان باس لەوە دەکرێت کە ئەو کەلوپەلانە فڕێدەدرێنە ناو قەرەباڵغییەوە، ئەمەش وا دەکات ژنان نەتوانن بەکاریان بهێنن.

 

تابۆ و قەدەغەکردنەکانی کۆمەڵگە و تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ پێداویستییەکانی ژنان، یەکێکە لەو هۆکارانەی کە لە بارودۆخی ئاساییدا زیان بە ژنان دەگەیەنێت، بەڵام لە کاتی قەیرانەکاندا زۆر زیاترە، بەهۆی نەبوونی ڕێگری لە دووگیانی یان نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییەکان  ماوەی دووگیانی نەخوازراو ڕوودەدات، یەکێکە لەو کێشانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، نەبوونی پشکنینی منداڵیش دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان درەنگ زانیاری لەسەر دووگیانی خۆیان بزانن.

 

ژنانی دووگیان و شیردەر پێویستیان بە چ چاودێرییەکی تایبەت هەیە؟

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو پزیشکە دەڵێت: بارودۆخەکە بۆ ژنی دووگیان و شیردەر زۆر جیاوازە. ئەم ژنانە پێویستیان بە چاودێری زیاترە، بەهۆی نەبوونی ئاسانکارییەوە، ڕەنگە ژنانی دووگیان نەتوانن پشکنینی پێویست بۆ هەر قۆناغێکی دووگیانی ئەنجام بدەن و کاریگەرییەکانی خۆراک و ژینگەیی کاریگەرییان لەسەر کۆرپەلە دەبێت.

 

خۆراکی دایک یەکەم سەرچاوەی خۆراکە بۆ کۆرپە لە سکی دایکدا، ژنانی دووگیان پێویستە لە کاتی دووگیانیدا تا دەتوانن ڕێجیمێکی تایبەت پەیڕەو بکەن، بەڵام بەداخەوە کەمی خۆراک ڕێگریان لێدەکات. ئەو هەوکردنانەی کە ڕەنگە ژنانی دووگیان تووش بکەن بەهۆی نەبوونی پاکوخاوێنی، لە هەندێک حاڵەتدا دەبنە هۆی لەبارچوون و لەدایکبوونی پێشوەختە و لەدایکبوونی منداڵ بە مردووی و کەموکوڕی جەستەیی یان دەمار لە منداڵەکەدا. ئەگەر منداڵەکە شیری تۆزکراوی پێدرا، پێویستە شیری تۆزکراوی ئامادەکراوی بۆ دابین بکرێت، هەرچەندە لەم دۆخەدا دۆزینەوەی ئاوی پاکی خواردنەوە قورسە، هەروەها دەبێت پەستانی خوێنی دووگیانی و خوێنبەربوونی دوای منداڵبوون و لەباربردنی منداڵ بپشکنرێت و لە حاڵەتی منداڵی پێشوەختەدا دەبێت کیتی منداڵبوون کە یەکجار بەکارهێنراو بێت لەبەردەستدا بێت.

 

کاریگەری فشاری دەروونی لەسەر ژنان لە کاتی بوومەلەرزە و قەیرانەکاندا چییە؟

لە کۆتاییدا پزیشکەکە دەڵێت: لەوانەیە ژنان لەژێر کاریگەری فشاری دەروونیدا تووشی کێشەی هۆرمۆنەکان ببن. کاریگەری لەسەر سوڕی مانگانە و باری دەروونی و ماندوێتی و بارودۆخی گشتی جەستە هەیە، هەروەها فشاری دەروونی و بارودۆخی دەروونی و ژینگەیی کاریگەری لەسەر کۆرپەلە هەیە و لە هەندێک حاڵەتدا بە هۆکاری لەباربردن دادەنرێت. یارمەتی دەروونی لەم جۆرە بارودۆخانەدا زۆر گرنگە و بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکان سەلمێنراوە کە ژنان لە کورتخایەندا لە بارودۆخی توندی کارەساتی سروشتیدا ئارامن، بەڵام دوای ماوەیەک کاریگەری درێژخایەنی ئەم ڕووداوانە لەسەر باری دەروونییان دەردەکەوێت.