درێژەی ڕاپەڕینی شەوانەی خەڵکی ئێران

دروشم نووسین و وتنەوەی شەوانە لە شارە جیاجیاکانی ئێران بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی شەشەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ئێران لە دژی ڕژێمی ئێران، ناڕەزایەتی و خەباتی گەلان بەردەوامە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، خەڵکی پارێزگاکانی تاران، ئەلبورز، تەبرێز، ئەسفەهان، فارس و خوراسان دروشمی دژ بە دەسەڵاتی ڕژێمی ئێرانیان دەوتەوە و دروشمی شۆڕشگێڕانەیان لەسەر دیوارەکانی ئەو شارە نووسی.

 

سیاسەتی فێڵبازانەی ڕژێمی ئێران سەبارەت بە ئازادکردنی لەناکاوی ژمارەیەک زیندانیی سیاسی، هیچ گۆڕانکارییەکی لە بۆچوونی خەڵکی نەکردووە و تا ئێستاش خەڵکی ئێران تاوانەکانی ڕژێمیان لەبیر ماوەتەوە، هەربۆیە خەڵک لە ئەسفەهان، مەشهەد، کەرەج، نەرمەک و ڕۆژئاوای تاران لە ماڵەکانیاندا دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، "مەرگ بۆ خامنەیی"، "مەرگ بۆ حکومەتی منداڵکوژ" بەرز کردەوە و جەختیان لە دژایەتی خۆیان بۆ ڕژێمی ئێران دووپاتکردەوە.

 

لە شاری سنە، گەنجانی شۆڕشگێڕ وەک ناڕەزایەتییەک لە دژی کوشتنی خەڵک بەتایبەتی منداڵان و گەنجان و دژی دەستگیرکردنی پیاوانی ئاینی شاری سنە لە بەشێک لە شەقامەکاندا بە داگیرساندنی ئاگر و وتنەوەی دروشمی دژە ڕژێم درێژەیان بە خەباتی خۆیاندا.

 

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، یەکێک لە ژنە تێکۆشەرەکان، بە دڕاندنی دروشم و ناوی بەسیج و نووسینی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕایدەگەیەنێت کە لەم ڕژێمە ناترسێت و تا ئازادی بەردەوام دەبێت لە خەباتی خۆی.