"دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات داعش لە ناوچەکەدا زیندوو بکاتەوە"

حەمرین عەلی، هاوسەرۆکی دەستەی ناوخۆی هەرێمی جزیرە ئاماژەی بەوەکرد، کە دەوڵەتی تورک هەوڵی ڕفاندنی چەتە دەستگیرکراوەکانی داعش دەدات و وتی: "پێویستە دادگایەکی نێودەوڵەتی دابمەزرێت و چەتەکانی داعش لەسەر خاکی کۆبانێ دادگایی بکرێن".

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- دەوڵەتە هەژموونییەکان دەیانەوێت لەسەر حسابی ئاسایشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوونی داعش و بلاوبوونەوەیان لە هەرێمەکە بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی زیان بە دەوڵەتەکانیان نەگەیەنن و ڕووبەڕووی هەڕەشەی داعش نەبنەوە، تا ئێستا خەڵکی هەرێمەکە هەڵوێستیان دژی ئەو چەتانە نیشانداوە، بەڵام پێویستە دەوڵەتانی نێودەوڵەتیش هەستن و ئەو چەتانە دادگایی بکەن، چونکە زۆربەی چەتەکان خەڵکی وڵاتانی دەرەوەن، حەمرین عەلی، هاوسەرۆکی دەستەی ناوخۆی هەرێمی جزیرە ئەو پرسەی هەڵسەنگاند.

 

"هەموو دەوڵەتە هەژموونییەکان نایانەوێت ئێمە لە دژی چەتەکانی داعش ببینە خاوەن دەستکەوت"

حەمرین عەلی باسی لە بوون و مەترسیی چەتەکانی داعش کرد لە ناوچەکەدا و دەستی بە قسەکانی کرد و وتی: وەک دەزانین بە درێژایی ساڵانی شۆڕش هێرش و پلان و کردەوە دڕندانەکان لەسەر شۆڕش و دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەمان نەوەستاون، لەسەر ئەم بنەمایە پیلانی دوژمنان و بزووتنەوەکەیان بەردەوامە، بە شکستهێنانی داعش چەندین دەوڵەتی هەژموونخواز و لە سەرووی هەمووشیانەوە دەوڵەتی تورک نەیدەویست هێزەکانمان لە دژی ئەو چەتانە دەستکەوتیان هەبێت، بێگومان بوون و مەترسیی چەتەکانی داعش لە ناوچەکەدا گرژییەکی ئەمنی درێژخایەن دروستدەکات مەترسی گەورە لەسەر ژیانی پێکهاتەکانی ئەم هەرێمە هەیە، چونکە باش دەزانین کە چەتەکانی سەر بە داعش لە زیندانەکانی ناوچەکە و هەروەها لە کامپەکانی داعش تا ئێستا هەن و هەندێک جاریش هەوڵدەدەن خۆیان کۆبکەنەوە و هێرش ئەنجام بدەن.

 

"دەوڵەتی تورک هێشتا پەیوەندی لەگەڵ داعشدا نەبڕیوە و هاوکاری دەکات"

حەمرین عەلی، تیشکی خستە سەر هاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ چەتەکانی داعش و وتی: هەموو دەوڵەتانی نێودەوڵەتی دەزانن کە چەتەکانی داعش لەلایەن تورکیاوە ڕێکخرابوون و پەروەردەکران، بەڵام ئەمە ڕوون و ئاشکرا ناکەن، چونکە هەموویان هاوبەشن لەگەڵیدا، پڕۆژەی دەوڵەتە هەژموونییەکان لەگەڵ پاشماوەی داعش لە ناوچەکەدا هەیە، چونکە نایانەوێت ئەو چەتانە بچنە ناو وڵاتەکەیان و هەڕەشەیان بۆ دروستبکەن، لەلایەکی دیکەشەوە بە بیانووی پاراستنی هەرێمەکە لە داعش ئامادەیی خۆیان لە ناوچەکەدا دەپارێزن، دەوڵەتی تورک بە هەموو هەوڵەکانییەوە دەیەوێت ئەو چەتانە زیندوو بکرێنەوە، بۆیە دەبینین جاروبار هێرشەکانی بۆ سەر ئەو شوێنانەی کە چەتەکانی داعش وەک کامپی هۆل و زیندان ئەنجام دەدرێن، دواین هێرشەکان نموونەی سەرەکین کاتێک کامپی هۆل لە حەسەکە بۆردومان کرا و زیندانی چرگین لە قامیشلۆ بۆمباران کرا، لە ئەنجامی بۆمباراندا ٨ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە کامپی هۆل گیانیان لەدەستدا، هێزەکانمان تا ڕادەیەکی زۆر وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە و جارجارە لە دژی شانە نووستووەکانی ئەو چەتانە کاردەکەین دەوڵەتی تورک هێشتا پەیوەندی لەگەڵ داعشدا نەبڕیوە و بەردەوام لە هەوڵی زیندووکردنەوەی بنەمای چەتەکانی داعشە لە ناوچەکەدا.

 

"لە دژی هێرشەکان، باوەڕی گەلەکەمان ستونی پاراستنە"

حەمرین عەلی تیشکی خستە سەر پێگەی خەڵکی ناوچەکە لە دژی هێرشەکانی داعش و ڕایگەیاند، کە پێویستە چەتەکانی داعش دادگایی بکرێن بۆ کۆتایی پێهێنانی هێرشەکانی داعش و وەستاندنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، وتیشی: هەبوونی ئەو چەتانەی داعش لە زیندان و کامپەکاندا مەترسییەکی گەورەیان هەیە، پێویستە ئەو چەتانەی داعش لەسەر ئەو خاکە دادگایی بکرێن کە تاوانیان تێدا ئەنجامداوە، گەلی ئێمە ساڵانێکە لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک بەرخۆدانی کردووە، بۆیە بە هەمان رۆح هێزێکی یەکگرتوو لە دژی چەتەکانی داعش هەیە، گەلەکەمان باوەڕێکی بەهێزیان لەناو خۆیاندا دروستکردووە بۆ ئەوەی ببنە کۆڵەکەیەکی بەرگری لە دژی هەموو ئەو پلانانەی لە دژی ئێمە دروست دەکرێن، کۆمەڵگەی ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکات کە دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەو چەتە مەترسیدارانە دروستبکرێت و ئەو تاوانبارانەی دەستیان لە خوێنی خەڵکی هەرێمدا هەیە، دادگایی بکرێن، ئێمە بە هەبوونی داعش نامانەوێت مەترسی لەسەر سیستمی ئەمنیمان دروستبکەین، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکەمان لە هەموو مەترسییە دەرەکی و ناوەکییەکان بۆ ئەوەی ئاسایشێکی ئارام لە ناوچەکەدا بەرقەرار بێت.