عەفرین لە ساڵی ٢٠٢٢دا

ساڵێکی دیکە بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێدەپەڕێت و کردەوەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک بە درێژایی ساڵ بەردەوام بوو، بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا، لە ماوەی ساڵێکدا ١٣ ژن کوژراون و ٤٦ ژن ڕفێندراون.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیرکراوە، ڕۆژانە کردەوەی نامرۆڤانە لە دژی ژنان و گەلان ئەنجام دەدرێت، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین و سوریا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٣٣ کەس کە ١٣یان ژنن کوژراون، ٤٦ ژنیش ڕفێندراون و ٩ شوێنەواری مێژووییش خراونەتە ژێر داگیرکارییەوە، زیاتر لە١٦ یەکەی نیشتەجێبوون بەئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێم دراونەتە کۆمەڵەکانی تورکیا و قەتەر و کوێت و بەتایبەتی وڵاتانی قەتەر و تورکیا و فەڵەستینی.

 

ئەو هاوڵاتیانەی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرشیان کرایە سەر

بەپێی وتەی ئەو هاوڵاتیانەی عەفرین، چەندین کەس کاری خراپیان بەرامبەر کراوە و ناویان ئاشکرا کراوە، لەوانە؛ هێڤلان ڕەشید میمی جەبۆ تەمەنی ٢٥ساڵە و خەڵکی گوندی حەمام-ی سەر بە ناوچەی جندرێسی عەفرینە، حەنیفە موسا ئۆلۆ خەڵکی گوندی کورزێلی سەر بە ناحیەی شێراوای عەفرینە، ڕیحان عومەر محەمەدی تەمەن ٧٠ ساڵ لەلایەن چەتەکانەوە کوژرا، نیسرین محەمەد وەقاس تەمەنی ٣٠ ساڵە، ڕوقەیە مستەفا، هەڤین حەمید ئەلەتئنا، ڕۆهات ئیبۆ تەمەنی ٢٤ ساڵ، منداڵێک بەناوی کەوکەب عەلی و خەیری محەمەد موسا تەمەن ٤٠ ساڵ و خەدیجە ئۆسۆ و ئەسیە ئەحمەد حەیدەر و فریاڵ حەسەن تەمەن ٥٢ ساڵ و مونە موکەوەم عومەر تەمەن ٤٥ ساڵ و ئەسیە حوسێن موسا تەمەن ٦٠ ساڵ، هەمخودە محەمەد مستەفا و نڤین بەحری کەفۆ و فاطمە محەمەد نور کەفۆ و جڤین ئەحمەد و هەڤین تاری لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێنراون و چارەنووسی زۆربەیان دیار نییە، جگە لەوەش ڕۆژانە دەیان ژن ڕووبەڕووی داگیرکاری دەبنەوە.

 

هێرش بۆ سەر شوێنە مێژووییەکان

شوێنەوارە مێژووییەکانی عەفرین، بەپێی ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەرێمی عەفرین، ناوی چەند ناوچەیەکی مێژوویی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە تاڵانکراون، ئاشکرا کراوە، ئەوانیش، مەزاری ئاینی بە ناوی شێخ موسا، گردی جومکێ، گرێ قیبار، گرێ مەراتێ، مەزاری ئایینی شێخ محەمەد لە گوندی میسک، مەزاری  ئایینی شێخ عەلی لە باسووفان، کڵێسای بێراد، کڵێسای گوندی کیمار.

 

ڕۆژانە هاوڵاتیانی عەفرین ڕووبەڕووی کردەوەی داگیرکاریی دەبنەوە

ڕوشن حدۆ، پارێزەر و ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین و سوریا تیشکی خستەسەر کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە عەفرین و وتی: لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانییەوە، بەردەوام هاوڵاتیان و سروشت لە عەفرین ڕووبەڕووی داگیرکاری دەبنەوە، خەڵک ڕفێندراون و دەکوژرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر بەتایبەتی ژنان، ڕۆژانە لەلایەن چەتەکان و هەوڵگری تورکیاوە هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە دەکەن، هاوکات ناوچە مێژوویی و تەقلیدییەکانی عەفرینیش پێشێلکارییان لەسەر دەکرێت، ئەم پێشێلکارییانە بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بەتاوانی جەنگ ناودەبرێت، دەوڵەتی تورک دەیەوێت دیمۆگرافیای هەرێمەکە بگۆڕێت و زیاتر لە ٤٠٠ هەزار هاوڵاتی لە ناوچەکانی دیکەی عەفرین جێگیرکردووە، ئامانجی ئەم کردەوانە گۆڕینی دیموگرافیای هەرێم و کۆمەڵکوژکردنی کۆمەڵگەی کوردی و شوێنەکانییەتی.

 

١٣ ژن کوژران و ٤٦ ژنیش ڕفێندراون

ڕوشن حدۆ باسی لەو داتایانە کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٢ تۆماریان کردووە و وتی: لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە هەتا ئەمڕۆ کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی نەوەستاون، بەپێی ئاماری بەڵگەنامەکان کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین و سوریاوە دەستکەوتووە، لە ماوەی ساڵێکدا تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەم ٥٢٦ کەس کە ٤٦ ژنیان تێدایە ڕفێندراون، خرانە زیندانەکان و زۆربەی چارەنووسیان نادیارە و ٣٣ کەس کە ١٣یان ژنن کوژراون، زیاتر لە ٣٥ هەزار دار بڕاون، کە لە ناویاندا داری بەرهەمداری وەک زەیتوون هەیە، زیاتر لە ٦ هێکتار دار سوتاون، زیاتر لە ١٦ یەکەی نیشتەجێبوون دەستیان بەسەردا گیراوە و دەیان شوێنی مێژووییش تاڵانکراون.

 

"دژی ئەو کردەوانەی کە ئەنجام دەدرێن خاوەن هەڵوێست بن"

لە کۆتاییدا، ڕوشن حدۆ داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و وتی: بانگی ئێمە بۆ هەموو جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیە، ئەو کردەوانەی کە لە عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانییەوە ئەنجامدراوە بوەستێنرێن و لە دژی ئەو کارانە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.