٣ منداڵ بەهۆی ئاگر کەوتنەوە لە ماڵێکدا خنکان

لە گەڕەکێکی شاری بەغدا، بەهۆی ئاگر کەوتنەوە لە ماڵێکدا سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا و دایک و باوکیان بە بێهۆشی ڕزگار کران.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ناوچەی عەلام لە بەغدای پایتەختی عێراق، شەوی ڕابردوو بەهۆی ئامێرە کارەباییەکانەوە ئاگر لە ماڵێکدا کەوتەوە، لە ئەنجامدا سێ منداڵ، کە ئەندامى یەک خێزانن گیانیان لەدەستداوە و دایک و باوکیان بە بێهۆشیی لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی بەغدا ڕزگار کران.

 

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی بەغدا لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوەدا کە توانیویانە دایک و باوکەکە بە بێهۆشی ڕزگار بکەن و دواتر بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە، بە مەبەستى چارەسەرى پزیشکى و لە ئێستاشدا لەژێر چاودێرى وردان.

 

بەرگری شرستانی داوا لە هاوڵاتیان دەكات کە لە كاتی خەوتندا ئامێرەكانی گەرمكەرەوە بەكارنەهێنن، چونکە مەترسى لەسەر ژیانیان دروست دەکات.