سێ ژن وەک ئەندامی سەرەکی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی یوئێن هەڵبژێردران

سێ ژن وەک ئەندامی سەرەکی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە سێ مانگی کۆتایی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ هەڵبژێردران.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرۆکی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سێ ژنی بە ناوەکانی، سارا حوسێن پارێزەری بەنگلادیش و سەرۆکی ئەم لیژنەیە و شاهین سەردار عەلی، مامۆستای یاسا لە پاکستان و یویانا کریستیڤیچ، پارێزەری ئەرجەنتین وەک ئەندامانی سەرەکی ئەو لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان هەڵبژارد.

 

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، پێکهێنانی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکردنی دڕندانەی ناڕازییان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، لەلایەن ١٦ وڵاتەوە پشتیوانی لێکرا، و بڕیارنامەکان پێشکەشکرا کە لەلایەن ئەڵمانیا و ئایسلەندا بە ٢٥ دەنگی ئەرێنی پەسەندکرا.

 

جێی ئاماژەیە، کە ئەمە یەکەمجارە ئەم جۆرە لیژنەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران پێکدەهێنرێن و ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ و توێژەرانی ئێرانیش ڕاپۆرتیان لە بارەی کوشتنی منداڵان و دەستبەسەرکردنی زۆرەملێ و هەڕەشە و تۆقاندنی بنەماڵەی کوژراوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەنجومەنی مافی مرۆڤ ناردووە.

 

ئێستاش هەڵبژاردنی ئەم سێ ژنە وەک ئەندامی سەرەکی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان دەتوانێی ببێتە ڕەوتێکی ئەرێنی بۆ بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە دوای تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی هەڵگیرسا.