"بە هێرشەکان دەستکەوتی کورد دەکەنە ئامانج"

هێلین کارا، ئەندامی بەڕێوبەرایەتی پەیمانگای شەهید کەریم کاتۆ ئاماژەی بەوەکرد کە دەوڵەتی تورک بەرگەی بوونی گەلی کورد ناگرێت و هەوڵدەدات ئەو دۆخ و دەستکەوتانەی کە بە پێشانگایەتی ژنان بەدەستهاتووە، لەناوببات.

ڕۆژەڤین ڕوبا

 

مەخمور- دەوڵەتی تورک لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە یەکەم هێرشدا ١١ هاوڵاتی مەدەنی لە دێرک لەناویاندا ڕۆژنامەنووسێکی ئاژانسی هاوار گیانیان لەدەستدا، لە هێرشەکاندا چەکی قورس بەکاردەهێنرێت و دەیان کەس بریندار دەبن، کە منداڵی تێدایە، ژێرخانی هەرێمەکە و شوێنە گشتییەکان دەکرێتە ئامانج.

 

هێلین کارا، ئەندامی بەڕێوبەرایەتی پەیمانگای شەهید کەریم کاتۆ، ئامانجەکانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای بە تایبەتی بە ئامانجگرتنی ژنان هەڵسەنگاند و وتی: ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ گەلی کورد بەدەستهاتووە، ڕێکەوت نییە، کاتێک سەیری دەکەیت دەبینیت خەباتی گەلی کورد ئەو بەرخۆدانەی کە بە پێشەنگی ژنان بەدەستهاتووە لە بەرنامەی جیهانیدایە، هەموو وڵاتانی جیهان ئاگاداری ئەوەن کە کورد وەک گەل ئێستا وەک نەتەوەیەک لەسەر هێڵی ڕاست و ڕەوایە، بۆیە ئەمڕۆ ئەو هێزانەی کە ئەمە قبوڵ ناکەن، ئەو هێزانەی کە لە مێژووی کورددا بوونەتە هێزی سەرەکی و کوردستانیان دابەشکردووە،  هەروەها ئەو هاوپەیمانێتیانەی کە بۆ تێکشکاندنی ئەم خەباتە کراون هەموو شێوازەکانی جیاواز بە تایبەتی لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە بەکاردێنن، لە هەموو ئەو هێرشانەی کە لەسەر تێکۆشانی کورد بەردەوامن، ئامانجیان ڕوونە، هەوڵدەدەن ئەو دەستکەوتانە ببەزێنن کە بەدەستهاتوون و ئامانجیان چۆڵکردنی هەرێمە، دەیانەوێت ناوی کورد نەمێنێت.

 

"ئەمڕۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی ژنان سەریهەڵداوە"

هێلین کارا، بەبیری هێنایەوە، کە ژنان لەسەر فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان ڕێکخستووە و هێزیان هەیە لە دژی هەموو هێرشەکان بەرخۆدان بکەن، لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەمڕۆ دەبینن کە هێزێکی کۆمەڵگەیی و ژنان سەریهەڵداوە و ئەمەش دەتوانێت لەگەڵ خۆیدا ژیانێکی دیموکراتیک بنیاد بنێت، لەسەر ئەو بنەمایە هێرش دەکرێت و ئەو بوونەش قبوڵ ناکەن، ئەمڕۆ خەڵکی هەرێمەکە تا کۆتایی بەرگری لە خۆیان بکەن و هێزی بەرگرییان هەیە، ئێمە دەزانین کە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد دەتوانێت چارەسەری بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بهێنێت، دەتوانێت چارەسەری کێشەکانی ژنان بدۆزێتەوە و باشترین وەڵام دەبێت بۆ کێشە گشتییەکانی کۆمەڵگە و دیموکراتیترین ژیان.

 

"ڕاپەڕین بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەستیپێکرد"

هێلین کارا تیشکی خستەسەر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و ڕاپەڕینەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنان و وتی: ئەگەر سەیری خەباتی ژنان بکەیت کە لە مێژوودا سەریهەڵداوە و تا ئەمڕۆش جێبەجێ دەکرێت، دەبینیت کە بناغەیەک دامەزراوە، نزیکەی سێ مانگە ڕاپەڕینێکی گشتی هەیە کە دیکتاتۆرییەتی وڵاتی هەژاند و خستیە ناو ترسەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: ئەمڕۆ کە پیاوان لەگەڵ ژناندا دەڵێن ژن، ژیان، ئازادی، ئەوە ئاشکرایە کە کاتی گۆڕانکاری هاتووە، کوشتن و ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردن و توندوتیژی ئەنجامدەدرێت، ئەگەر ئەمڕۆ ڕاپەڕین و بەرخۆدانی ئێستا نەوەستابێت، دەریدەخات کە کاتی ئەوە هاتووە خەڵک ئەم سیستمەی ئێستا قبوڵ ناکات، ئەم بەرخۆدانە ناوەستێت تا ئەو گۆڕانە ڕووبدات هێز و هێڵی ژنانی ئازاد گەشە دەکات.