سلێمانی، تەقینەوەی تەنکییەکی غاز کوژراو و برینداری لە ماڵێکدا لێکەوتەوە

بەهۆی تەقینەوەی تانکییەکی غاز لە ماڵێکی شاری سلێمانی، سێ خانوو ڕووخان و چەندین کوژراو و بریندار هەن.

سلێمانی

 

لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی تەقینەوەی تانکییەکی غاز-LPG لە ماڵێکدا بووە هۆی ڕووخانی سێ خانوو و بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا نزیکەی ١٠ کەس بریندار و چەندین کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی و فریاکەوتنی سلێمانی هەوڵی ڕزگارکردنی ئەو کەسانە دەدەن کە لەژێر خانووە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە.

 

ڕووداوەکە لە نزیکەی کاتژمێر ٨:٠٠ی ئەمشەو ڕوویداوە و بەپێی زانیارییەکان لە ماڵەکەدا دوو خێزان هەبوون و میوانیش لە ماڵەکەدا هەبووە، ئامارێکی فەرمی قوربانیانی ڕووداوەکە لە بەردەستدا نییە، ئەوەی دەرکەوتووە سی ژن و منداڵێک گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٠ کەسیش بریندارن، تا ئێستا هەوڵی ڕزگارکردنی ئەو کەسانە دەدرێت کە لەژێر پەردوودا ماونەتەوە، سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، بەمەبەستی پێشوازیکردن لە بریندارەکانی تەقینەوەکەی ئەمشەو سەرجەم نەخۆشخانەکانی شارەکە ئامادەن.