تەرمی ١٣ منداڵ لە یەختە ژێرئاوکەوتووەکەی دەریای ئیجە دۆزرانەوە

سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا یەختێکی کۆچبەران بە نزیکەی ٧٠ کۆچبەرەوە لە دورگەی کاریستۆس ژێر ئاوکەوت، توانرا تەنها ٩ کۆچبەر ڕزگار بکرێت و تەرمی ١٣ منداڵیش دۆزرانەوە.

ناوەندی هەواڵ  

 

شەوی ١ی تشرینی دووەم یەختێکی کۆچبەران کە دەوترێت نزیکەی ٧٠ کۆچبەری تێدابووە و زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، لە ڕێی تورکیا بۆ یۆنان لە دورگەی کاریستۆس ژێرئاو کەوت، بەر لە ژێرئاوکەوتنی سەرنشینەکان پەیوەندیان بە پۆلیس و ڕێکخراوی ئەلەرمەوە کردووە، بەڵام پۆلیس درەنگ گەیشتووە و یەختەکە ژێرئاو کەوتووە.

 

لە سەرەتای ڕووداوەکە تەنها ٩ کۆچبەر ڕزگارکران و ئەوانی دیکە هەموویان بێسەروشوێنن، شەوی ڕابردوو میدیاکانی یۆنان بڵاویانکردەوە، تەرمی ٢١ کەسی ناو یەختەکە دۆزراونەتەوە کە ١٣یان منداڵن، ئەو تەرمانەی دۆزراونەتەوە لە نەخۆشخانەیەکی ناوچەی ئیڤارانن، ژمارەی ڕزگارکراوانیش گەیشتووەتە ١١ کەس.

 

بەپێ زانیارییەکان لەناو یەختەکەدا ژمارەیەک هاوڵاتی کوردی باشووری کوردستان هەبوون کە لە دوای ڕووداوەکە هیچ زانیارییەک دەربارەیان نییە و بێسەروشوێنن.