گفتوگۆیەک لەسەر گەڕانەوەی کولتووری دایک ئەنجامدرا

کۆخەباتی لیژنەی پزیشکی ژنان بە دروشمی "شۆڕشی دووەمی کشتوکاڵ و گوندەکان بە زانستی ژنۆلۆژی ئاوادەبێت" و پێشنیارەکان بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی و چۆنییەتی پێویستی خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ سروشتی خۆیان بەڕێوەچوو.

مەخمور

 

لە کامپی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخمور، کە هەر دوو ساڵ جارێک کۆخەباتی لیژنەی ژنۆلۆژی بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ لە ٢١ی تشرینی یەکەم، دووەمین کۆخەبات بە دروشمی "شۆڕشی دووەمی کشتوکاڵ و گوندەکان بە زانستی ژنۆلۆژی ئاوادەبێت" بەڕێوەچوو، لە گفتوگۆکاندا زۆرترین باس لە پرسەکانی گەڕانەوە بۆ سروشت و کولتووری دایک کرا، هاوکات باس لە ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی دووەمی کشتوکاڵ و لادێکان کرا.

 

"ئەمڕۆ دەمانەوێت کشتوکاڵ و کولتووری گوندەکان جێبەجێ بکەین"

گەوهەر ئۆزگون، ئەندامی لیژنەی ژنۆلۆژی بۆ نوژنها دوا و دەربارەی ئامانجی کۆخەباتەکەیانی بەمشێووەیە خستەڕوو، "ئامانجمان بنیادنانی شۆڕشی دووەمی کشتوکاڵ و گوندەکانە، باس لە ڕۆڵ و ئەرکی ژنان لە کۆمەڵگەی سروشتی کرا، مرۆڤ کاتێک ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەی سروشتیدا هەڵدەسەنگێنێت، دەبینێت کە هەموو داهێنانە تەکنیکی و مەعنەوی و کشتوکاڵییەکان بە دەست و زەحمەتی ژنان بنیادنراون و لەوکاتەدا گرنگییەکی زۆریان بە کاری ژنان داوە، کاتێک سەیری ئەمڕۆ دەکەین دەبینین کە کاری ژنان هەم لەلایەن سیستەمی پیاوسالارییەوە بەکارهێنراوە و هەم پێشێلکراوە، بۆ ئەوەی ئێمە بە باشی لە هەموو ئەمانە تێبگەین، سەرنج بۆ قسەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕادەکێشین کە دەڵێت تا لە زمانی ڕووەک و گیا تێنەگەین، ناتوانین کۆمەڵگەیەکی ئازاد بنیادبنێین.

 

"ژیانی گوندنشین بریتییە لە کۆکردنەوە، ڕێککەوتن، هاوبەشکردن، بەرهەمهێنان و کار"

قیمەت كلیچ، ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی بەبیری هێنایەوە كە بناغەی كۆمەڵگەی سروشتی لەلایەن ژنانەوە دروستكراوە و سیستەمی سەرمایەداریش دەیەوێت كولتووری لادێ نەهێڵێت، وتیشی: بناغەی كۆمەڵگەی سروشتی لەلایەن ژنانەوە دروستكراوە، کاتێک ژن ژیانی دروستکردووە، هەمیشە ژنان خۆیان بە بەرپرسیار زانیوە لە دروستکردنی ئەم ژیانەدا، زۆربەی ژنان لە زمانی سروشت تێگەیشتوون و کردوویانە بە بەشێک لە کۆمەڵگە، وەرز و کاتەکان ژنان لە سروشتەوە وەریانگرتووە، منداڵبوون، پەروەردەکردنی خێزان، دامەزراندنی بناغەیەک لە خێزاندا هەمووی بەرهەمی کاری ژنانن و بوونەتە ماڵێک بۆ کۆمەڵگە.

 

"پێویستە خۆمان و شوناس و کۆمەڵگەکەمان بناسین و ئاگاداری کولتووری خۆمان بین"

قیمەت سەرنجی بۆ مەبەستی چۆڵکردنی گوندەکان ڕاکێشا و وتی: مەبەستی چۆڵکردنی گوندەکان یەکێکە لە ئامانجی تێکدانی کولتووری خەڵک، هۆکاری ئەوەش قازانجە چونکە دەسەڵات دەزانێت کاتێک خەڵک پێکەوە کۆدەبنەوە و دەژین، سیستمی سەرمایەداری ئێستا ناتوانن لە لوتکە بن، هەر بۆیەش شارنشینییان پەرەپێداوە و لەناو چوار دیوارەكەدا مرۆڤەكانیان گرتووە، بۆیە خەڵك تەنها سەرقاڵی تەكنەلۆژیایە، لەبری ئەوەی تەكنەلۆژیا خزمەت بە خەڵك بكات، ئێستا خەڵك خزمەت بە تەكنەلۆژیا دەكات، چۆن دەگەڕێینەوە بۆ کولتووری لادێیی خۆمان، دەبێت سەرەتا پەرە بە کولتوور و زمانمان بدەین و ئاگاداری بین تا بتوانین بگەڕێینەوە بۆ واقیعەکەمان، وەک ژن دەبێت خۆمان و شوناسی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان بناسین و ئاگاداری کولتووری خۆمان بین. چونکە ژنان بنیادنەری ئەو سەردەمەن، پێویستە فێری کولتووری دایکایەتی ببن و لەناو نەوەکاندا زیندووی بکەنەوە.