جارێکی تر سنە لە مانگرتنی تەواو دایە

سنە لە مانگرتنێکی تەواو دایە و بەو شێوەیە جارێکی دیکە یەکڕیزی خۆی نیشان دا دژی سەرکوتکارییەکان.

سنە

 

ئەمڕۆ، ٢٢ی تشرینی دووەم دوابەدوای بانگەوازی سەرتاسەری بۆ مانگرتن، جارێکی دیکە سنە یەکڕیزی خۆی بە ئێران نیشان دا.

 

دوای بانگەوازی سەرتاسەری بۆ مانگرتن شاری سنە سەرەڕای ئەو فشارە ئابوورییە گەورەیەی کە لەم ڕۆژانەدا زیاتر لە هەموو ڕۆژەکانی دیکە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، جارێکی دیکە هۆشیاری سیاسی خۆی خستەڕوو و دەرگای دوکانەکانی داخست.

 

سنە بە داخستنی دوکانەکان و داخستنی بەشێکی بەرفراوانی شارەکە سەلماندی کە هەموو هێزی خۆی لە خەباتی مەدەنی و مافخوازانەدا بەڕێوەدەبات تا ئازادی بەدەستدێت.

 

ڕەنگە داخستنی دوکانەکان سادە دەرکەوێت، بەڵام خەڵک لە ژێر فشارێکی زۆردان بۆ دابینکردنی کرێی دوکانەکان و خەرجییەکانی ژیان و بەهۆی ئەمەشەوە هەمیشە لە گۆڕەپانەکەدا ئامادەن و ئەم فشارانە دەخەنە لاوە.

 

هەروەها لە شارەکانی سەقز، بۆکان، بانە، مەریوان، مەهاباد و چەند شارێکی دیکە، مانگرتنی گشتیی بازاڕ و کاسبکاران و سەندیکاکانی دیکە دەستی پێکردووە.

 

ڕاپۆرتەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، گروپی نیشتمانی پۆڵا خوزستان، کە یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمهێنەرانی پۆڵا لە ئێران، کارگەی شوکولاتەی ئایدین لە تەبرێز، کارمەندانی وێستگەی کارەبای سووڕی تێکەڵاوی ئابادان، کۆمپلێکسی کارگەی پۆڵا ئالۆی یەزد و شۆفێرانی بارهەڵگرانی ڕەزوانشار لە ئەسفەهان ئەمڕۆ بەشداریان لە مانگرتنەکەدا کردووە.