نامەی هاوشارییەکی ژینا ئەمینی بۆ زوڵمی ڕژێمی ئێران

سروە خۆشپەیام، پێشکەشکار نامەیەک بۆ ژینا ئەمینی دەنووسێت و دەڵێت: لە تۆ بچوکتر بووم ڕقم لە لەچک و مەقنەعا بوو، سەرم سفر دەکرد کە نەزانن کچم!.

ناوەندی هەواڵ

 

سروە خۆشپەیام، ڕاگەیاندنکار، کە خۆی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە باشووری کوردستان دەژی، نامەیەک بۆ ژینا ئەمینیی ٢٢ ساڵ، کە بە دەستی پۆلیسی ڕەوشت لە تاران پاس دەستگیرکردن گیانی لەدەستدا، خەڵکی شاری سەقز و هاوشاریی خۆی دەنێرێت و باس لەوەدەکات، "ئەو کچە سەقزیە بووە سیمبولی ئازادی و تاپۆ شکاندنی یاسا سەپاوەکانی ناڕەوای کۆماری ئیسلامی ئێران!".

 

دەقی نامەکەی سروە خۆشپەیام، هاوشاری ژینا ئەمینی

سروە خۆشپەیام، ڕاگەیاندنکار، "نامەیەک بۆ ژینا ئەمینی! کچێک وەک گوڵاڵە سورە پەڕپەڕ بوو!

ئازیزم ژینا گیان خوشکە هاوشاریەکەم، ئەو کچە سەقزیەی بووە سیمبولی ئازادی و تاپۆ شکاندنی یاسا سەپاوەکانی ناڕەوای کۆماری ئیسلامی ئێران!

تۆ لەژێر خاکی بەڵام بڵێسەی ئاگرت خستە نێو دڵی هەموومانەوە، ئەو دڵە لاوەت کە لە ترپە وەستا، ئێستا دڵی هەموو ئێران بە تایبەتی کوردی خستووەتە لێدانی ترپەی ئازادی، ئەو ڕۆژە چەند دڵت خۆش بوبێت کە لە پایتەخت(تاران) ویستبێتت بگەڕێیت، غافڵ لەوەی داعش سیفەتەکان لە کەمینا بوون بۆ رۆح کێشانت! لە تۆ بچوکتر بووم ڕقم لە لەچک و مەقنەعا بوو، سەرم سفر دەکرد کە نەزانن کچم! پێیان ئەوتم کوڕەکەی عەبوو خۆشپەیام!

 

ئەم ڕژێمە ڕەگەزیشی لەوێ لە من سەندبوویەوە و دەمشاردەوە، تەنها لەبەر پرچێک کە داینەپۆشم، لە کاتێکدا لە ناخدا شانازیم بە مێ بوونی خۆم دەکرد، دڵم پڕە لەوەی چەند ساڵ گوزەراوە و ئێستەش کارێک نەکراوە بۆ ئازادی تاکەکەسی! بە لەچکەوە، بێ لەچک بە عەباوە، بە پانتۆڵەوە بە تاتۆوە، بە قەڵەوی بە لاوازی بە هەرچیەک خۆت هەڵیدەبژێریت، ئەوە کێشەی کەس نیە خۆت بڕیار بە لەسەر خۆت، لە کۆتایی هەموومان مرۆڤین!، ژینا گیان ئارام بنوو ڕێبازت ون نابێت دەجەنگین تا ئازادی!"