منداڵەکان بپارێزن: منداڵانی ئاوارە ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە

ڕێکخراوی منداڵەکان بپارێزن، لە ڕاپۆرتێکیدا، کە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵانی پەنابەردا ئامادەکراوە، ئاشکرایدەکات منداڵان توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسیان بەرامبەر دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی منداڵەکان بپارێزن ڕاپۆرتێکی لەسەر منداڵانی پەنابەر بە ناونیشانی "منداڵانی ئاوارە لەسەر ڕێگەی بالقان هەموو ڕۆژێک توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسیان لەسەرە" بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، منداڵانی پەنابەر لێیان دەدرێت و دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەریان، ڕێکخراوەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "سیاسەتی گۆشەگیریی"ی یەکێتی ئەوروپا دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان لەلایەن پۆلیس و قاچاخچی و بازرگانەکانی مرۆڤ و بیانییەکانی ترەوە تووشی ڕێبازی نامرۆڤانە ببن.

 

سێیەکی کۆچبەران لە منداڵان پێکدێن

نزیکەی یەک لەسەر سێی هەموو ئەو پەنابەران و کۆچبەرانەی ڕوو لە ئەوروپا دەکەن منداڵن، بەشێکی بەرچاو لە منداڵان لە ڕێگەی ناوچەی بالقانەوە لە وڵاتانی وەک یۆنان، بولگاریا، سربیا و بۆسنا و هەرسک تێدەپەڕن و دەچنە ئەوروپا، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٥دا باس لەوە دەکرێت کە نزیکەی نیو ملیۆن پەنابەر و کۆچبەر لە وڵاتانی سەر ڕێگای بالقان تێپەڕیون.

 

توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت

ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێکی فراوانە لەگەڵ ٤٨ منداڵ لە ماوەی چوار ساڵە لە سربیا و بۆسنا و هەرسک، کە تەمەنیان لە نێوان ١٣-١٩ ساڵە، بەو پێیە زۆرترین توندوتیژی کە لەلایەن منداڵانەوە باسکراوە، توندوتیژی جەستەیی پاسەوانی سنورە، منداڵانی پەنابەر وتیان کە ڕووت کراونەوە و لە سەرمادا بەجێهێڵدراون، بەهۆی داری کارەباییەوە تووشی پێکانی سەختی جەستەیی بوون وەک ئێسک شکان، زۆربەی منداڵەکان دەڵێن کە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە و دوو لەسەر سێش دەڵێن کە ئەوان شایەتحاڵی دەستدرێژی سێکسین بۆ سەر منداڵانی دەوروبەریان، هەروەها منداڵان وتوویانە قاچاخچییەکانی مرۆڤ دەڵێن لە بەرامبەر خزمەتگوزاری سێکسی، پاراستنی بێبەرامبەر لەسەر سنور دەبێت و منداڵەکان دەرباز دەکەن، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە منداڵانی ئاوارەی بێکار بە تایبەتی لە ژێر مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیدان.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "زۆرێک لە منداڵان ناچارن لە شوێنی کراوەدا بخەون یان لە بینا وێرانکراوەکاندا بژین لەگەڵ کەسانی نەناسراو کە مەترسی بەردەوامی توندوتیژی جەستەیی یان دەستدرێژی سێکسییان هەیە، بە تایبەتی بە وتەی کچان، ئەو کوڕانەی کە بە ڕێژەیەکی زۆر گەشت دەکەن، مەترسی زیاتریان هەیە لە بوون بە قوربانی توندوتیژی سێکسی، زۆرێک لە منداڵان و گەنجان هەوڵدەدەن بەسەر بەکارهێنانی کهول و ماددە هۆشبەرەکاندا زاڵ بن، هەروەها لەنێو ئەو گەنجانەدا زۆربەیان زیانیان بەرکەوتووە و هەواڵی خۆکوشتنیان بڵاوبووەتەوە".

 

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند کە پێویستە یەکێتی ئەوروپا و حکومەتەکان هەنگاوی خێرا بنێن و پێویستە ڕێگا پارێزراو و یاساییەکانی کۆچبەران بۆ منداڵانی ئاوارە دابین بکرێت.