تۆمەتبارانی کەیسی ماریا سامی؛ مامی ئازاد کرا و براکەی بە ١٥ ساڵ سزادرا

ئەمڕۆ دانیشتنی کەیسی ماریا سامی، چالاکوانی شاری هەولێر کە لە ٦ی ئادار لەلایەن برایەکی و مامییەوە کوژرا، بەڕێوەچوو، دادگا بڕیاری ئازادکردنی یەکێک لە تۆمەتبارانی دا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دانیشتنی دووەمی دادگا لەسەر کەیسی کوشتنی ماریا سامیی، ژنە چالاکوانی شاری هەولێر کە لە شەوی  ٦ی ئاداری ئەمساڵ دوای ڕفاندنی لەلایەن برا و مامێکییەوە دەڕفێندرێت و دواتر بە کوژراویی لە شەقامی ١٠٠ مەتریی ئەو شارە دەدۆزرێتەوە، بەڕێوەچوو، دادگا بڕیاری ئازادکردنی یەکێک لە تۆمەتبارانی کەیسەکەی دا.

 

بەپێی لێدوانی پارێزەری کەیسی ماریا سامیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕایگەیاندووە براکەی ماریا لە بەردەم دادوەر دانی بەتاوەنەکەیدا ناوە کە بەتەنها کارەکەی کردووە، دادگا بڕیاردا بە ١٥ ساڵ زیندانیکردن سزای بدات، بڕیاری ئازادکردنی مامیشی داوە، ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ١٢ تێبینی لەسەر کەیسەکە هەبووە، بەڵام دادگا هەڵوەستەی لەسەر نەکردن و بڕیاریدا بە سزادانی براکەی ماریا بە ١٥ساڵ زیندانییکردن، هەروەها بە ئازادکردنی مامەکەی، لەکاتێکدا مامەکەی لەگەڵ بووە لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا.

 

هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری کەیسی ماریا، باسی لەوەکرد کە تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەدەن، چونکە تاوانەکە بەسەر کەسی ئەنجامدەر ساخکراوەتەوە، لەکاتێکدا چەند کەسێکی دیکە لە پشت ڕووداوەکەوە بوون.

 

ڕۆژی ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢ یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسەکە بەڕێوەچوو و دادگا بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکەی بۆ ئەمڕۆ دا، گەردوون محەمەد، دایکی ماریا سامی ئەوکات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند: هەندێک بەڵگەی پێویستم هەیە، دەبێت دادگا بەدواداچوونیان بۆ بکات، چونکە کچەکەم و کوڕەکەم نێوانیان زۆر باشبوو، هەرگیز دەستی نەدەچووە کوشتنی خوشکەکەی، کەسانێک چەکیان داوەتە دەستی بۆ کوشتنی ماریا، بە بەڵگەوە بۆ دادگای دەسەلمێنم، دایکی ماریا ئەوەشی خستەڕوو کە لەلایەن مامەکانی ماریاوە هەڕەشەی لێدەکرێت.